دوو شه‌ممه‌, 17 ی ئازار , 2025
ئایا ئاساییە کچ بەکوڕ بڵێت: خۆشم ئەوێیت؟
  2025-03-16       832       
تا ئێستا لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا هەر کوڕ زیاتر داوای پەیوەندی خۆشەویستی لەکچان دەکەن - فۆتۆ: تابلۆی رۆستەم ئاغالە

ئا: هێڤی ئاوات

 

بەشێکی زۆری کچان باس لەوە دەکەن کە "شەرم" دەکەن بەکوڕێک بڵێن "خۆشم دەوێیت"، چونکە تا ئێستاش ئەو کلتورە نەبووە بەباوو دەترسن لەدوای هەر کێشەیەک ئەوە بدرێتەوە بەچاویاندا، بەشێکی دیکەش لەکچان پێیانوایە خەریکە ئەوە ئاسایی دەبێتەوە، توێژەرانی کۆمەڵایەتیش دەڵێن "پەروەردەی خێزانی ئەوە دیاریدەکات کە کچ جورئەتی ئەوە بکات یان نا".

 

"متمانە بەکوڕان ناکەین"

خەندە ئەحمەد، کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵەو ئیستا خوێندکاری زانکۆیە، بەلایەوە ئاساییە کچان داوای پەیوەندی خۆشەویستی لەکوڕان بکەن، پێی وانییە لەو رووەشەوە "خێزان‌و کۆمەڵگە" رێگر بن لەبەردەم ئەو خواستەی کچاندا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە زۆربەی کچان ترسیان لەکوڕانەو متمانەیان پێناکەن، ئەو بەئاوینەی وت "هەرچەندە خۆم تائێستا داوای پەیوەندی خۆشەویستیم لەکوڕان نەکردووە، بەڵام بەگشتی کچان ناتوانن متمانە بەکوڕ بکەن، لەبەرئەوەی رەنگە لەداهاتوودا کێشەمان بۆ دروست بکەن".

وتیشی "کچان لەوەش سڵ دەکەنەوە کە بەکوڕێک ناڵێن بۆ پەیوەندی‌و خۆشەویستی، کە گەربێتوو ژیانی هاوسەریی پێکەوە بنێن، هەر گرفت‌و قسەیەک بکەوێتە نێوانیانەوە پێیانبوترێتەوە".

 

"کچان نایانەوێ قورسایی خۆیان لەدەست بدەن"

بەبۆچوونی کچە خوێندکارێکی تەمەن ٢١ ساڵی وەک باخان حەسەن کارێکی لەو شێوەیە زۆر ئاساییەو ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا ئەو حاڵەتە لەناو بەشێک لەکچاندا خەریکە "ئاسایی" دەبێتەوە، ئەو بەئاوینەی وت "زۆربەی کچان پێیان باشە داوای پەیوەندی خۆشەویستی لەکوڕان بکەن، بەڵام لەوەش دەترسن کە قورسایی خۆیان لەدەست دەدەن، چونکە لەقسەی کۆمەڵگەو خەڵک دەترسن".

وتیشی "ژیان‌و کلتورو هەموو شتێک گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، نەوەکان ناتوانن وەک باوانەکانیان بیربکەنەوەو بژین".

 

"خۆم داوای پەیوەندی خۆشەویستیم کرد"

شیلان غەریب، تەمەن ٢٥ ساڵەو ماوەی ساڵێکە بەشێوەی خۆشەویستی چووەتە ژیانی هاوسەرییەوە، ئاماژەی بەوەدا کاتێک هاوسەرەکەی ئێستای بینیوە سەرنجی راکێشاوەو دوای چەند مانگێک لەکارکردن پێکەوە لەقوتابخانەیەکدا وەک خۆبەخش، داوای پەیوەندی خۆشەویستی لێکردووە، کوڕەکەش رازی بووەو پاش چەند مانگێکیش لەخۆشەویستی چوونەتە ژیانی هاوسەرییەوە، ئەو وتی "هاوسەرەکەم کەسایەتی بەهێزەو زۆر رۆشنبیریشە، بۆیە دوای چەند مانگێک لەبیرکردنەوەو پرس کردن بەهاوڕێکانم‌ داوای پەیوەندی خۆشەویستیم لێکرد، ئەویش داواکەی قبوڵکردم، ئێستاش هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لەژیانماندا دروست نەبووە".

وتیشی "بۆ کچ گرنگترین لەهاوسەرگیرییدا ئەوەیە کە بزانێ کێ هەڵدەبژێرێت‌و هاوسەرگیریی لەگەڵ کێ دەکات. ئەمە وەک مەسەلەی مەرگ‌و ژیانە، چونکە شکست‌و سەرکەوتنی ئەو هەلبژاردنە، گەورەترین کاریگەریی لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت".

 

کوڕان دەڵێن چی؟

لەبەرامبەریشدا بەشێک لەکوڕان پیانباشە کچان داوای خۆشەویستی لەکوڕ بکەن‌و بەشێکی دیکەشیان لەغەڵ ئەوە نین.

میران ئەکرەم، گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵەو لەکۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتدا کاردەکات‌و بەوتەی خۆی، تا ئێستا دوو کچ داوای پەیوەندی خۆشەویستییان لێکردووەو ئەویش پەیوەندی یەکێکیانی قبوڵکردووە، ئەو گەنجە بەلایەوە ئاساییە کچانیش وەکو کوڕان داوای پەیوەندی خۆشەویستی بکەن، ئەو وتی "بۆ هەر دەبێت کوڕان دەستپێشخەر بن لەداواکردنی پەیوەندی خۆشەویستی، با لەمەودوا کچانیش لەو داوای پەیوەندی خۆشەویستی بکەن، چونکە ئەوانیش وەکو کوڕان هەستیان هەیە".

لەبەرامبەریشدا، محەمەد تاهیر، کە گەنجێکی ٢٤ ساڵە، بەکارێکی گونجاوی نازانێت، ئەو نەریتە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بشکێنرێت کە کچ ئەو هەنگاوە بنێ‌و داوای خۆشەویستی لەکوڕ بکات، ئەو بەئاوێنەی وت "من دابونەریتی کوردەواری‌و ئایینی خۆمانم لاپەسەندەو بەکارێکی گونجاوی نازانم، هیچ کچێک خواستێکی وای لەمن هەبێت".

وتیشی "هەرگیز ناتوانم کچێک بخوازم کە خۆشەویستی بەرامبەر بەمن دەرببڕێت".

 

"پەروەردەی خێزانی یەکلاکەرەوەو گرنگە"

توێژەری کۆمەڵایەتی، بەرهەم جەلال ئاماژەی بەوە دەکات کە داواکردنی پەیوەندی خۆشەویستی لەلایەن کچانەوە بۆ کوڕان کەوتووەتە سەر ئاستی رۆشنبیری ئەو خێزانەی کچەکەیان پەروەردە کردووە، ئەگەر بێتوو ئەو خێزانە کچەکەیان لەسەر شێوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کراوەو تەندروست پەروەردە کردبێت دەتوانێت دەستپێشخەر بێت لەداواکردنی پەیوەندی خۆشەویستی لەکوڕان، بەڵام بەشێوەیەکی تەندروست بێت‌و لەزۆرترین حاڵەتدا دروستکردنی ژیانی هاوسەریی لێبکەوێتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "کۆمەڵگەی کوردی لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی تەشەنەسەندنی ئامڕازەکانی پەیوەندی‌و تەکنیک‌و تەکنەلۆژیاو گەشتکردن بۆ وڵاتانی دەرەوە، گۆڕانکاریی گەرەی بەخۆیەوە بینییوە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ناکرێت پێمانوابێت دابونەریتەکان ئەبەدیین، هەموو شتێک لەگۆڕاندایە، بەمانای خۆشەویستی‌و شێوازی خۆشەویستی‌و پەیوەندی کوڕو کچیشەوە".

وتیشی "بەڵام تا ئێستا لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا هەر کوڕ زیاتر داوای پەیوەندی خۆشەویستی لەکچان دەکەن نەک بەپێچەوانەوە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×