وتەبێژی حكومەتی ئێران: هەناردەی نەوتی وڵاتەكەمان راناگیرێت
  2025-03-15       226       

دوای ئەوەی پێنجشەممەی رابردو، ئەمریكا سزای بەسەر وەزیری نەوتی ئێراندا سەپاند، ئەمڕۆ شەممە، وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند، هەناردەی نەوتی ئێران راناگیرێت. دەشڵێت، ئەگەر سزاكانی پێشوی ئەمریكا كاریگەر بونایە، پێویستیان بە سەپاندنی سزای نوێ نەدەبو.

ئاوێنە: فاتمە موهاجیرانی، وتەبێژی حكومەتی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە سەپاندنی سزا بەسەر وەزیری نەوتی ئێراندا لەلایەن ئەمریكاوە، وتویەتی، لە بارودۆخی سزاكاندا، چەند وەزارەتێكی ئێران لە هێڵی پێشەوەن كە وەزارەتی نەوت یەكێك لە گرنگترینی ئەو وەزارەتانە.

ئاماژەی بەوەشداوە، كاتێك بە خێرایی سزا بەسەر موحسین پاكنەژاد، وەزیری نەوتی ئێراندا دەسەپێنن، ئەوە بە مانای ئەوە دێت كە نیگەرانن لەبارەی چالاكی و جوڵەكانی وەزارەتی نەوت.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەگەر سزاكانی پێشویان كاریگەرییان هەبوایە، ئەوا پێویستیان بە سزای نوێ و نوێكردنەوەی سزاكان نەبو.

وتەبێژی حكومەتی ئێران جەختیشی كردۆتەوە كە هەناردەی نەوتی ئێران راناگیرێت و ئێران دەستبەرداری پشكی خۆی لە بازاڕی نەوتی جیهخان نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×