ترەمپ: لەمەودوا هەر هێرشێكی حوسییەكان وەك هێرشی ئێران سەیردەكەین
  2025-03-17       369       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەمەودوا هەر هێرشێكی حوسییەكانی یەمەن وەك هێرشی ئێران سەیردەكرێت و دەبێت ئێران بەرگەی دەرئەنجامەكانی بگرێت كە دەرئەنجامی ترسناك دەبن.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، كەمێك لەمەوبەر لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" وتویەتی"با کەس فریو نەدرێت! حوسییەكان، ئەو چەتە و بەڵتەجییە شەڕانگێزانەی كە لە یەمەنن و خەڵكی یەمەن رقیان لێیانەو ئەو سەدان هێرشەی كە دەكەین، هەمویان لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن و دروستكراوی ئێرانن."

سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشداوە "هەر هێرشێک یان وەڵامێكی دیكەی حوسییەكان بۆ تۆڵەسەندنەوە، روبەڕوی هێزێكی گەورە دەبێتەوە، هیچ گەرەنتییەك نییە كە ئەو هێزە لەم رادەیەی ئێستادا بوەستێنرێت."

ترەمپ هێمای بۆ ئەوەش كردوە، "ئێران ڕۆڵی 'قوربانیی بێتاوان'ی دەبێنێت لەپەیوەست بە تیرۆریستە ناپاکەکان لەڕێگەی ئەوەی كە کۆنترۆڵی ئەوانی لەدەستداوە، بەڵام کۆنترۆڵكردنیانی لەدەست نەداوە. ئێرانییەكان فەرمانی هەمو جوڵەیەكیان پێدەدەن، پڕچەكیان دەكەن، پارە و  كەرەستەی سەربازیی زۆر پێشكەوتویان بۆ دابین دەکەن، تەنانەت ئەوەی پێی  دەوترێت 'زانیاریی هەواڵگری'ش پێیان دەدەن."

سەرۆكی ئەمریكا جەختی كردۆتەوە "هەر فیشەكێك لەلایەن حوسییەکانەوە بتەقێندرێت، لەمەبەدوا، وەک فیشەكێك سەیردەكرێت کە لە چەک و لە سەرکردایەتی ئێرانەوە تەقێندراوەو ئێرانیش لەوە بەرپرسیارەو دەبێت بەرگەی دەرئەنجامەكانی بگرێت كە دەرئەنجامی ترسناك دەبن."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×