سەرۆک عەشیرەتی غەوارە سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر کافتریای فانسییە ڕونکردنەوە دەدات
  2025-03-18       2428       

سەرۆکی قەبیلەی غەوارە ڕوونکردنەوەیەکی  ڕایدەگەیەنێت، «ئەوەی ڕوویداوە بەهیچ شێوەیەک کارێکی پلان بۆ دانراو نەبووە و پێشینەی نەبووە،  نە من و نە هیچ کەسێکی تر لە براکانم و خانەوادەکەم ئاگاداری نەبووین»

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، شێخ شاهۆ شێخ خالید، سەرۆکی قەبیلەی غەوارە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:  لەم جۆرە شەڕ و دەمەقاڵەیانە ڕۆژانە لە شارەکانی کوردستان ڕوودەدات، کە ئێمە خوازیارین ڕوونەدات، بەڵام هیچیان بەقەد کێشەیەکی بچووکی ئێمە گەورە ناکرێت

دەقی ڕوونکردنەوەکە 

 لە ڕۆژانی ڕابردوو شەڕ و دەمەقاڵەی برایەکی ئێمە لەگەڵ کەسێکی تر زۆر بووەتە جێی باسوخواس و بە زۆر شێوە قسەی لەسەر کراوە، بۆیە پێم خۆش بوو ئەم ڕوونکردنەوە بە ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بدەم:

1- ئەوەی ڕوویداوە بەهیچ شێوەیەک کارێکی پلان بۆ دانراو نەبووە و پێشینەی نەبووە،  نە من و نە هیچ کەسێکی تر لە براکانم و خانەوادەکەم ئاگاداری نەبووین، بەڵکو هەڵچوونێکی کتوپڕی نێوان دوو کەس بووە، هەرچەندە پێموایە هەمیشە دەبێت دەست بۆ فاکتەرە خێرەکان ببرێت لە هەڵچووندا، بەڵام ئەوەشی ڕوویداوە بەهێندەی ئەوە گەورە نییە کە سۆشیال میدیای ئامانجدار گەورەی کردووە و هەرزوو نزیکبووینەوە لە چارەسەری بابەتەکە .

2- لە هەندێک پەیج و میدیا بەداخەوە وا خراوەتەڕوو کە ئەوەی ڕوویداوە بەمەبەست و بۆ تێکدانی ئارامیی شاری سلێمانی بووە. جگە لەوەی بەهەموو شێوەیەک ئەو لێکدانەوانە ڕەت دەکەینەوە، بەپێچەوانەوە  بەبیریان دەهێنمەوە کە من هەمیشە یەکێک بووم لەوانەی داوای پارێزگاریی ئەمن و ئاسایشی ئەم شارەم کردووە لە بۆنە جیاوازەکان و پەیامەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیش. بۆیە هەمیشە پێزانینمان هەبووە بۆ هێزە ئەمنییەکان و هەماهەنگ بووین. ئێمە نفوز و پێگەی جەماوەری و ژیانمان لەم شارە و سنوورەکەیەتی، چۆن دەکرێ و دەگونجێت دژایەتی بکەین! بەپێچەوانەوە کەس لە خۆمان بۆ ئەم شارە بە دڵسۆزتر نازانین.

3- هەرچەندە لەم جۆرە شەڕ و دەمەقاڵەیانە ڕۆژانە لە شارەکانی کوردستان ڕوودەدات، کە ئێمە خوازیارین ڕوونەدات، بەڵام هیچیان بەقەد کێشەیەکی بچووکی ئێمە گەورە ناکرێت. ئێستا یەکلاییکردنەوەی ئەو دەمەقاڵەیەی ڕوویداوە لای یاسایە، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە یاسا دەکەین و تاوەکو ئەوپەڕی هاوکار دەبین، هەر لە شەوی ڕووداوەکە کە کەسێک وەک تەقەکەر دەستنیشان کرابوو، ڕادەستی یاسا و لایەنە ئەمنییەکان کرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×