ئەندامێكی بەرەی توركمانی بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی شكاند، ناكۆكی ئەرشەد ساڵحی و حەسەن تۆران بەرەی توركمانی دابەشدەكات، تۆران خۆی گەیاندە لای بارزانی.
ئاوێنە: حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە پیرمام سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد.
لەوبارەیەوە بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "بیروڕا لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و بارودۆخی پارێزگای كەركوك ئاڵوگۆڕ كراو جەخت لەسەر هەماهەنگی و نزیكیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی پارێزگای كەركوك كرایەوە".
سەردانی حەسەن تۆران بۆ لای بارزانی دوای ئەوە دێت، ئەندامێكی بەرەی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەناوی (ئەحمەد رەمزی كۆپرلو) بایكۆی شكاند و بڕیاریدا بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بكات.
جێی ئاماژەشە، پارتی و بەرەی توركمانی هەردووكیان دژی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك بوون لە "هۆتێل رەشید"ی بەغدا لە رۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٤دا؛ هەردووكیان سكاڵایان دژی یاسایبوونی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لەو رۆژەدا تۆماركرد (ئیئتیلافی یەكێتیی و نیوەی پێكهاتەی عەرەبی سوننە لە كەركوك)، بەڵام سكاڵاكانیان رەتكرایەوە.