بەپێی لیستی مووچە دەبوو ئەمڕۆ سێشەممە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە دابەشبکرایە، بەڵام مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی یەکەی 70 دابەشنەکرا، وتەبێژی ئەو یەکەیە هۆکاری بنەڕەتی ئەو کێشەیە بۆ ئاوێنە دەخاتە روو.
ئاوێنە: لیوا ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی ٧٠ سەبارەت بە کێشەی دابەشنەکردنی مووچەی هێزەکانی ئەو یەکەیە لەلێدوانێکی تایبەتدا بە ئاوێنەی وت "کێشەکانی مووچەی مانگی دوو لەسەر مانگی کانونی دووەم رێک چۆن بووە بەو جۆرەیە مووچەکە نێرداوە، بەڵام ئێمە هێزێکی گەورەین و دەیان هەزار پێشمەرگەمان هەیە و مانگ بە مانگ ئەم مووچەیە گۆڕانی بەسەردا دێت، چونکە پلە بەرزکردنەوە هەیە لێبڕینی مووچە هەیە (قەتع رواتب)، ...هتد".
بۆ رونکردنەوەی ئەو بابەتە لیوا ئەحمەد بە چەند نمونەیەک کێشەکە دەخاتە روو و دەڵێت "بەنمونە لەمانگی یەکدا ٤٦ ملیۆن دینار لە پێشمەرگە بڕدراوە بۆ رەسمی تابع ئەمە لەبری (پول) کە لەساڵێکدا یەکجار ئەوە روودەدات، بۆیە لەمانگی یەکدا بڕدراوە نابێت لەمانگی دوودا ببڕدرێت و دەبێت پارەکەی بخرێتەوە سەری بەڵام ئەوان نەیانخستووەتەوە سەری، نمونەیەکی دیکە ٧٧ ملیۆنی دیکە لە هەڵەی یو پی ئێن هەیە، وتیان هەندێک سەرباز لەمانگی یەکدا خانەنشین دەبێت دواتر کە یاساکەیان گۆڕی لە یاسای ٣٨ەوە بۆ ٩ی خانەنشینی واتە بەهاوتاکراوی بەغدا، ژمارەیەک لە ئەفسەر و سەرباز شمولی خانەنشینان ناکەن لەمانگی یەکدا ناویان نەبووە، بەڵام لەمانگی دوودا ناویان هەبووە و دەبێت مووچەکەیان بۆ ببەسترێت لەوێدا ٧٧ ملیۆن دینار کەمیکردووە".
وتەبێژی هێزەکانی ٧٠ زیاتری رونکردەوە و وتی "بابەتێکی دیکە ئەوانەی کە (قەتع رواتب)یان هەیە یان زیندانی کراون یاخود (غائیب) بوون لەمانگی یەکدا سێ ملیۆن بۆ ئەوە بڕدراوە، بەڵام لەمانگی دوودا لێیان نابڕدرێت بۆیە دەبێت پارەیان بۆ زیادبکرێتەوە، ئەوە جگە لە پلە بەرزکردنەوە و شایستە داراییەکانی دیکە، لەبەر ئەوە چەند سەد ملیۆنێک پارە کەمیکردووە لە ئەوەی دێت بۆ شایستەی مووچەی هێزەکانی ٧٠ و لە هەوڵی چارەسەرداین".
وتیشی "سەربارەت بە خانەنشینیەکانیش تاوەکو ئێستا خانەنشینی ٧٠ هەر کێشەیان هەیە هەموو مانگێک ئەم کێشانە بۆ ئێمە زیندوو دەبێتەوە، ئێمە مانگەکانی پێشوو کێشەی مووچەی هێزەکانی ٧٠مان نەبووە، بەڵام هی خانەنشینیمان هەبووە".
لەبارەی ئەوەی ئایا بۆ سبەی ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت و مووچەکان دابەشدەکرێن؟ لیوا ئەحمەد لەتیف ئاشکرایکرد "ناتوانم بڵێم بۆ سبەی، چونکە دەبێت ئەو پارەیە دابینبکرێت ئەوان زیادەکەیان بڕیووە خۆ ناکرێت پێشمەرگەیەک مووچەی پێبدرێت و ئەوانی دیکە پێیان نەدرێت، دەبێت پارەکە دابینبکرێت ئەوکاتەیە لەماوەی چەند کاتژمێرێک دابەشدەکرێت".
لەسەر ئەوەی ئەو پارە بڕدراوە هەرێم دابینی دەکات یاخود چۆنە؟ ناوبراو رونیکردەوە "نازانین، یان دەبێت هەرێم لەبەغداوە ئەو کێشە چارەسەر بکات ئەگەر لەبەغداوە نەهاتبێت، ئەگەریش هاتبێتە هەرێم دەبێت هەرێم بیدات یان "نەقسەکە" لەداهاتی ناوخۆ پڕیبکاتەوە". وتیشی "بەڵی کێشە دروستبووە چونکە ئەگەر خەڵک مووچەی نەبوو بەڕاستی کێشەیە، ناکرێت لەمانگێک لێی ببڕیت و مانگی داهاتوش بیبڕیت شتی واناکرێ".
لەبارەی ئەوەی ئەو کێشەیە تەنیا بۆ هێزەکانی ٧٠یە یاخود بۆ ٨٠ش دروستبووە؟ وتەبێژی هێزەکانی ٧٠ رایگەیاند "نەخێر تەنیا بۆ ٧٠ دروستبووە، ئەوان کێشەیان نییە".