عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە
  2025-03-18       986       

عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند، ئازادیی ئێزدییەکان و ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە بەستراونەتەوە و ئەو پڕۆسەی چارەسەرییەی کە دەستمان پێکردووە زۆرترین ئازادیی بۆ گەلی ئێزدیمان دەهێنێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، پەیامێکی نوێی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی  پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاوکرایەوە کە بۆ ئێزدییەکانی ناردووە و ڕایگەیاند ئەو پڕۆسەی چارەسەرییەی کە دەستمان پێکردووە زۆرترین ئازادیی بۆ گەلی ئێزدیمان دەهێنێت.

ئۆجالان دەڵێت: “من لە هەموو بارودۆخێکدا پشتگیری لە تێکۆشانی ئەوان دەکەم. ئازادیی ئێزدییەکان و ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە بەستراونەتەوە”.

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان بەم شێویەیە:

مێژووی گەلی ئێزدیمان مێژوویەکە کە بووەتە شایەتی کۆمەڵکوژی، ئاوارەیی، زوڵم و ئازاری گەورە. واتە بەو قۆناغ و تاقیکردنەوانەدا تێپەڕیوە. ئێزدیەتی یەکێکە لە باوەڕە هەرە کۆنەکان و کۆمەڵگا هەرە کۆنەکانی مێزۆپۆتامیا. بۆ پاراستنی کەلتوور، ناسنامە و بوونی خۆیان قوربانی گەورەیان داوە. تراژیدی و کۆمەڵکوژیی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، نەک تەنها لە ویژدانی گەلەکەماندا، بەڵکو لە ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتیشدا بە قووڵی جێگیر بووە.

لە تەواوی مێژوودا ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، بە بەرگری کردن درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. لە سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵکوژییەکان کە لە ئەنجامی هێرشەکانی خاوەن زهنییەتی دەوڵەتە نەتەوەییەکان ڕوویداوە لە ئاستی جینۆسایددا بوون. کۆمەڵکوژی شنگال لە ساڵی ٢٠١٤، بەردەوامی ئەو زهنییەتە بوو کە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردنی ئێزدییەکان بوو.

بەڵام ئەمجارە گەلی ئێزدیمان بە زوویی گەیشتنە تێکۆشانی ئازادیی، خۆیان ڕێکخست و دەستیان بە بەرخۆدان کرد. بەم شێوەیە، بە بەرخۆدانێکی مێژوویی وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانیان دایەوە. بەشداری ژنان لەم بەرخۆدانە زۆر بە واتایە. ئەوان کەوتوونەتە ئەو پڕۆسەیەی کە داهاتووی خۆیان بە دەستی خۆیان بونیاد دەنێن.

داهاتووی گەلی ئێزدیمان بە هێز و ئیرادەی ئەوان لەسەر بنەمای کۆمەڵگای دیموکراتی کە پشت بە ئیرادەی دیموکراتی دەبەستێت شێوە دەگرێت و بەرجەستە دەبێت. پێویستە ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی وا پێکبهێنن کە بتوانن بە باوەڕی خۆیان بە شێوەیەکی ئازاد بژین. لەم قۆناغەدا کە ئێمە بیرمان دەکردەوە و پێی گەیشتین، دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتی بۆ پاراستنی هەبوونی مێژوویی و بەردەوامی پێدانی زۆر گرنگە. لەسەر بنەمای دیدگای کۆمەڵگای دیموکراتی، داهاتوویەکی یەکسان و ئازاد بۆ گەلان دەتوانرێت دروست بکرێت. پێویستە ئێزدییەکان لە خەباتی دیموکراتیزەبوون و دروستکردنی کۆمەڵگای دیموکراتی کە پشت بە ژیانێکی ئازاد و یەکسان دەبەستێت، ببنە هێزی چالاک و کارا.

هیچ ڕوانگەیەک کە ئازادیی گەلی ئێزدیمان دان پێدا نەنێت و پشتگوێی بخات، نایاسایی و ناڕەوایە.

پێویستە گەلی ئێزدیمان لە هەر شوێنێک هەبن بە خۆڕێکخستن داهاتووی خۆیان بخەنە ژێر پارێزگاری و ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن.

تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد، یەکسان و دیموکراتی بەرپرسیارێتی هەموو گەلەکانمانە. بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە تێکۆشانی گەلی ئێزدیمان دەکەم.

دەمەوێت بڵێم؛ من لە هەموو بارودۆخێکدا پشتگیری لە تێکۆشانی ئەوان دەکەم. ئازادیی ئێزدییەکان و ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە بەستراونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی وەڵامە بەرانبەر بە ٧٣ کۆمەڵکوژیی دژی ئێزدییەکان. ئەو پڕۆسەیەی کە دەستمان پێکردووە زۆرترین بوون و ئازادی بۆ ئێزدییەکان بەدیدێنێت. ئەم بانگەوازە ڕێنیسانسە و زۆرترین ڕێنیسانس دەبێت بۆ گەلی ئێزدیمان. ئەم پڕۆسەیە بە هەست و تێکۆشانی هاوبەش سەردەکەوێت. دووبارە سڵاوی بێ پایانی خۆم دەنێرم.

عەبدوڵا ئۆجالان

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×