کەناڵی روسیا ئەلیەوم بڵاویکردووەتەوە، کە پوتین بە پێشنیازەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا رازیبوە كە هێرش نەكاتە سەر ژێرخانی وزەی ئۆكرانیا، هەروەها ناوبراوان هاوڕابون لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندی نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن.
ئاوێنە: کەناڵی روسیا ئەلیەوم ئاشكرایكردووە، "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا كە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامدرا و نزیكەی كاتژمێرێك و (30) خولەكی خایاند، هەردوو سەرۆك باسیان لە ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و یەكلاییكردنەوەی پرسی ئۆكرانیا كردووە".
ئەو کەناڵە ئاماژەی بەوەشکردووە، مۆسکۆ و واشنتۆن گەشبینی خۆیان سەبارەت بە دانوستانەکان دەربڕیەوە و هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەگشتی و بەتایبەتی ململانێی ئۆکرانیا تەنیا لەڕێگەی پەیوەندییەوە چارەسەر دەکرێن.
روسیا ئەلیەوم باسی لەوەشکردووە "پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی هەردوو سەرۆك كە لەنێوان كاتژمێر (04:00 بۆ 06:00)ـی پاشنیوەڕۆ ئەنجامدراوە و زۆر بە باشی بەڕێوەچووە.
ئەوەش خراوەتە روو، بڕیار وایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دیدارێك لەگەڵ رۆژنامەنوسان رێكبخات و ناوەڕۆكی گفتوگۆكان بۆ جیهان ئاشكرا بكات، بەڵام چاوەڕێ ناكرێت پوتین وتار پێشكەش بكات.
هەر لەوبارەیەوە كۆشكی سپی لەمیانی راگەیەندراوێکدا دەڵێت "سەرۆكی ئەمەریكا و روسیا هاوڕابون كە جەنگ و ململانێكان توندەكانی ئۆكرانیا كۆتاییان پێ بێت، هەروەها پوتین بە پێشنیازەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رازیبوە كە سوپای وڵاتەكەی هێرش نەكاتە سەر ژێرخانی وزەی ئۆكرانیا".