“ئێران سزای لێدانی قامچی و لەسێدارەدانی بۆ بێدەنگکردنی ژنان زیاد کردووە”
  2025-03-18       175       

دیانا ئەلتەهاوی ڕایگەیاند، ئیران سەرکوتکردنی ژنانی چالاکوانی کورد و ڕۆژنامەنووسانی کورد و ئێرانی چڕتر کردووەتەوە، دەشڵێت، ئێران سزای لێدانی قامچی و دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژنان زیاد کردووە.

ئاوێنە: دیانا ئەلتەهاوی، جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەبارەی پێشێلکارییەکانی ئێران بەرامبەر بە ژنانی چالاکوان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دیانا ئەلتەهاوی ڕایگەیاند، لە ڕۆژی جیهانی ژنان ئێران بە هەڕەمەکی پێنج چالاکوانی مافەکانی ژنانی کوردی دەستگیر کردووە، هەروەها سەرکوتکردنی ژنانی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی کورد و ئێران زیادیكردووە.

وتیشی، بەرپرسانی ئێران لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لە دادگایەکی نادادپەروەرانە لێدانی قامچی و دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژنان زیاد کردووە.

دەشڵێت، دەسەڵاتدارانی ئێران لە جیاتی چارەسەرکردنی جیاکاری و توندوتیژی سیستماتیک دژی ژنان و کچان، هەوڵ دەدەن شۆڕشەکانی ژنان سەرکوت بکەن، بۆیە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی ئێران و پشتیوانی لە مافەکانی ژنان و کچان بكەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی ١٠ـی ئادار چوار چالاکوانی ژنی کورد بە هۆی بەشداریی کردنیان لە ڕۆژی جیهانی ژناندا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیر کران، هەروەها لە ماوەی ئەم مانگەدا سزای لێدانی قامچی بەسەر بەشداربووانی سۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” زیاد کردووە و ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×