مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس کوژرانی “پۆلێک سەرکردە”ی حزبەکەی لە ئاکامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، لە ئاکامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی “سەهیۆنازی”یەکان بۆ سەر کەرتی غەززە، ژمارەیەک سەرکردەی حزبەکە کوژراون.
ئەوەشی خستەڕوو کە سەرکردە کوژراوەکان بریتین لە: “فەرماندەی مەزن عیسام دەعلیس، سەرۆکی بەدواداچوونی کاری حکومی، فەرماندە و ڕاوێژکار ئەحمەد حتتە، بریکاری وەزارەتی داد، فەرماندەی لیوا مەحمود ئەبو وەتفە، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەی لیوا بەهجەت ئەبو سوڵتان، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی ناوخۆ”.
پێشتریش وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاندبوو 350 کەس لە ئاکامی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیلدا کوژراون.
بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند یەکێک لە بارمتەکراوەکانی ئیسرائیلیش لە ئاکامی بۆردومانەکەدا کوژراون و دووانی دیکەش برینداربوون.