سەرچاوەیەكی نزیك لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، باڵیۆزی سویسرا لە تاران وەك وڵاتێكی نزیك لە ئەمریكا لە تاران بانگهێشت كراوە، پەیامێكی پێدراوە بۆ ئەوەی بیدات بە ئەمریكا و لە پەیامەكەدا هاتووە، كارێك مەكەن، كە گڕكانێكی گەورە بتەقێتەوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بانگهێشتكردنی نادین عەلیڤیێری لۆزانۆ، باڵیۆزی سوویسرا لە تاران و پێدانی پەیامێك پێی، زانیاری نوێ دەخاتەڕوو.
ئەو سەرچاوەیە وتی: دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی لە ئێران كرد، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش نادین عەلیڤیێری لۆزانۆ، باڵیۆزی سویسرای لە تاران بانگهێشت كرد و پەیامێكیان پێدا، ئاگاداریان كردەوە، كە دەبێت ئەم پەیامە بە ئەمریكا بگەیەنێت.
لە بەشێكی پەیامەكەی ئێراندا هاتووە، كارێك مەكەن، كە گڕكانێكی خەوتوو بە شێوەیەك بتەقێتەوە، كە تەنانەت بە ڕشتنی ئاوی سێ ئۆقیانوسیش نەكوژێتەوە.
سەرچاوەكە وتویەتی، لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا هاتووە، هێزە چەكدارەكانی ئێران توانای وەڵامدانەوەیان هەیە، هەر فڕۆكەیەكی دوژمنیش بچێتە ناو ئاسمانی ئێمەوە دەیخەینە خوارەوە، هەروەها ئەمریكا لە هەر هەنگاوێكی ئیستفزازی ئاگادار دەكەینەوە.
هاوكات، دوو ڕۆژ پێش ئێستا سوپای ئێران ڕایگەیاند بوو، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی سیخوڕی ئەمریكی لە نزیك ئاسمان ئێران بینراوە، بەڵام لەلایەن فڕۆكەیەكی جەنگی و فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئێرانییەوە ڕێگریی لێكرا.
جێگای ئاماژەیە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لە سەركردایەتی ئێران كرد، تارانی بە بەرپرسیار زانی لەو هێرشانەی كە حووسییەكان لە یەمەن دەستییان پێكردووە.