ئەوانەی گێچەڵی سێکسیان بەرامبەر دەکرێت دەبێت بێدەنگ نەبنو بەهەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ببنەوە
ئا: شیلان محەمەد
گێچەڵی سێکسی بریتییە لەهەر قسەو ڕەفتارێکی نەخوازراو کە خەسڵەتی سێکسی هەبێتو دەرهەق رەگەزی بەرامبەر بەکاربهێنرێت، دەکرێت لەشوێنی کارو شوێنە گشتیەکانو تەنانەت لەڕێگەی ئۆنلاینیشەوە ڕووبدات.
هەلی کار بەمەرجی گێچەڵی سێکسی
سۆزیار کاوە، کچێکی تەمەن ۲٣ ساڵەو لەشاری سلێمانی دەژی، ئاماژە بەوە دەکات ساڵێک لەمەوبەر دوای ئەوەی خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە، لەسۆشیال میدیادا هەلێکی کاری بینیوەو پەیوەندی بەخاوەنکارەکەوە کردووەو ئەویش داوای کردووە بۆ ڕۆژی دواتر سەردانی بکات، کارەکە لەدوکانی فرۆشتنی بابەتی خانمان بووە، سۆزیار وتی "دوای ئەوەی هەفتەیەک تێست بووم، وەرگیرامو خاوەنکار مووچەیەکی بۆ بڕیمەوە، پێشیوتم دوای ماوەیەک بۆت زیاد دەکەم بەمەرجێ ئیشەکەت بەباشی بکەی، منیش نەمزانی مەبەستی چییە، ئەو خۆی زۆر باش نیشان ئەدا، بەڵام زۆرکات هەستم دەکرد زۆر سەیری جەستەو لەشولارم دەکات".
وتیشی "زۆری نەخایاند ئێوارەیەک بەهۆی زۆری کڕیارو قەڕەباڵغی دوکان کەوتمە ئێوارە درەنگ، خاوەن کارەکەم وتی من خۆم دەتگەیەنمە ماڵەوە، منیش وتم پێویست ناکات، ئەو هەر سووربوو، لەکۆتاییدا ڕازی بووم، لەنیوەی ڕێگا دەستی برد بۆ جەستەم، ئەو کاتە زۆر شڵەژام، نەمزانی چیبکەم، وتم ئەوە چی دەکەیت؟ بەڵام ئەو خراپتر بەردەوام بوو، منیش بەهەموو هێزم جانتاکەم هەڵگرت کێشام بەڕوخساریدا، لەپڕ وەستا وتی دابەزە تۆ دەرکرایت لە کار، منیش دابەزیمو چیتر نەچوومەوە ئەو شوێنە، لەو کاتەوە دەترسم لەکارکردنو تا ئێستا هەوڵم نەداوەتەوە هیچ کارێک بکەم".
مامۆستاکەم گێچەڵی پێکردم
ماریا کەریم، یەکێکە لەو کچانەی تووشی گێچەڵی سێکسی بووە لەلایەن مامۆستایەکەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "خوێندکار بووم لەپۆلی یانزە لەیەکێک لەوانەکانم ئاستم خراپ بوو، دایکو باوکم مامۆستای تایبەتیان بۆ گرتم، مامۆستاکە پیاوێکی تەمەن ٤۰ ساڵان بوو، منیش تەمەنم ۱۷ ساڵ بوو، کچێکی بەرچاو بووم، هەمووکات پێیدەوتم تۆ زۆر جوانیت، تا ڕۆژێک داوای ماچی لێکردم، بەڵام من ڕەتم کردەوەو وتم گەر دووبارەی بکەیتەوە باوکم ئاگادار دەکەمەوە".
وتیشی "جگە لەوە پێشتر چەند جارێک لەکاتی وانە خوێندن هەوڵی دەدا دەست ببات بۆ دەستو ڕانم، من هەر خۆم لێ دوور دەخستەوە، دواتر مامۆستاکە کە زانی هەوڵەکانی بێسودە لێم دوورکەوتەوە".
گێچەڵ لەهەموو شوێنیک بەردەوامە
کەژاڵ عەبدولقادر، چالاکوانی ژنان ئاماژە بەوە دەکات گێچەڵی سێکسی زۆر باوە، بۆ نمونە خاوەنکار بەرامبەر بەکارمەندەکەی، لەبەرئەوەی خاوەن کار خاوەن پارەیەو ژنێکیش پێویستی بەو کارەیە بیکات تەنانەت بەمووچەیەکی زۆر کەمیش، بۆیە خاوەن کارەکە ئەو کەسە بەلاواز دەبینێتو دەستدەبات بۆ ئەوەی گێچەڵی سێکسی پێبکات، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەمە زۆرکات بەڕێگای جۆراوجۆرو فێڵبازانەو بەوشەی درۆو دەربڕینی خۆشەویستی، هەستوسۆزی ئەو کەسە لەخشتە دەبات، لەدوایشدا ئەو ژنە یان ئەو کچە دەکەوێتە ژێر کاریگەری خاوەن کارەکە، هەندێکاتیش ئەو کارمەندە هۆشیارەو ناکەوێتە ژێر کاریگەریی، بۆیە دەریدەکات".
وتیشی "زۆرکات دەبینین کاتێ کچێک یان ژنێک سواری تاکسی دەبێت شۆفێرەکە دەستدەکات بەپرسیارو بەقسە کردن، شۆفێرە وادەزانێت کە خانمێک چووە نەو تاکسیەوە بۆ کاری نەشیاو دەچێت، یاخود بەداخەوە ئێمە بیستومانە مامۆستا گێچەڵی کردووە بەقوتابی خۆیو لەپێناو نمرەدا گێچەڵەکەی قبوڵکراوە".
کەژەڵ جەغتی لەوەش کرد کە "بەداخەوە ئێمە بۆشایی یاساییمان هەیە، ئەگەرنا ئەو جۆرە کەسانە کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دەکەنو کچانو ژنان ئیستیغلال دەکەنو گێچەڵی سێکسیان پێدەکەن دەبوو سزا بدرێن".
ڕێژەی گێچەڵکردن لەکوردستان لەرێژە جیهانییەکە زیاترە
پارێزەر ئەسرا کەریم ئەوە رووندەکاتەوە کە گێچەڵی سێکسی یەکێکە لەناشرینترین ئەو هەڵسوکەوتانەی بەرامبەر بەئافرەت دەکرێتو یەکێکە لەگرفتە کۆمەڵایەتییەکانو دیاردەیەکی بڵاوە، هۆکاری جیاجیاشی هەیە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەپێی داتاکانی رێکخراوی جیهانی ٥٠٪ی ژنان ڕووبەرووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە، بەوتەی توێژەران لەهەرێمی کوردستانیش ڕێژەی گێچەڵکردن ئەگەر لەڕێژە جیهانیەکە زیاتر نەبێت، ئەوا کەمتر نیە".
وتیشی "لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە /١١١ی ساڵی ١٩٦٩-دا، کە لەهەرێمیش کاری پێدەکرێت، باسی گێچەڵی سێکسی کراوەو سزا بۆ ئەنجامدەرانی دیارییکراوە، لەماددەی ٣٩٧دا هاتووە سزائەدرێ بەبەندکردن ئەوەی بەبێ بەکارهێنانی هێز یان بێ هەڕەشەکردن یان بەبێ فێڵکردن دەستدرێژی کردبێتە سەر ئابڕووی نێر یان مێیەک".
گێچەڵی سێکسی لەکەرتە تایبەتەکانو قوتابخانەو زانکۆکانیشدا ئەنجامدەدرێت
تەها حسێن، پسپۆڕی دەروونناسی دەربارەی گێچەڵی سێکسی بەئاوێنەی وت "کاتێک دەڵێین گێچەڵی سێکسی بریتییە لەئەنجامدانی ڕەفتارێک لەلایەن کەسانێکی خاوەن کار یان خاوەن پیشە یان کەسانێک کە لەئاستێکی بەرزتردان بەرامبەر کەسانی چواردەوریان کە خۆیان دەبیننەوە لەفەرمانبەر یان خوێندکار یان کەسانێک کە لەبەردەستیاندا کار دەکەن، ئەنجامدانی ڕەفتارێکی سێکسییە بەرامبەر بەم کەسانە، کە خۆی دەبینێتەوە لەڕەفتاری زمان، ئەوانەی کە بەقسە دەکرێت، یان هەندێک گاڵتەو قسەی سێکسی یان زمانی جەستە وەک لێو گەستنو کۆمەڵێک ئامژەی سێکسی دیکە".
ئەم مامۆستایەی زانکۆ ئاماژە بەوەش دەدات کە هەندێ جار ڕاستەوخۆ گێچەڵەکە دەکرێت وەک نزیک بوونەوەو دەست خستنە سەر شانو دەست خستنە سەر شوێنە هەستیارەکان، ئەو وتی "گێچەڵی سێکسی لەکەرتە حکومیو تایبەتەکاندا باوە، بەڵام زۆرکات گێچەڵی سێکسی لەکەرتە تایبەتەکاندا زۆرترە، چونکە خاوەن کارو کۆمپانیاکان کەسانێکن کە کارەکەیان بەکاردەهێنن بۆ گێچەڵی سێکسی بە بەردەستەکانیان وەکو کچانو ژنانو کوڕان، کە دەڵێین کوڕان ڕەنگە ڕێژەیەکی کەمیش لە کوڕان گێچەڵیان پێبکرێت".
وتیشی "لەناوەندەکانی خوێندنو زانکۆو پەیمانگاکانیش وەک دەبینینو دەبیستین گێچەڵی سێکسی هەیە کە لەلایەن مامۆستا، کارمەند، خوێندکاران، بەرامبەر کچانو ژنانی زانکۆو پەیمانگاکان دەکرێت، لەناوەندەکانی خوێندنیشدا ئەم گێچەڵە بوونی هەیە، کە ڕەنگە بەڕێوەبەری قوتابخانەو مامۆستا یان کارمەندێک بەرامبەر بەوانەی لەبەردەستیاندا کار دەکەن یان کچێکی هەرزەکار گێچەڵی سێکسی ئەنجام بدەن، لەم حاڵەتانەدا گرنگترین کار ئەوەیە ئەوانەی گێچەڵی سێکسیان بەرامبەر دەکرێت، بێدەنگ نەبنو بەهەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ببنەوە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات