بەپێی دواین ئاماری ئەنجومەنی باڵای خانمان لەھەرێمی کوردستان رێژەی خەتەنەکردنی کچان لەپارێزگای دھۆک بووەتە سفر
ئا: عەمار عەزیز
بەر لەچەند سالێک لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک رێژەی خەتەنەکردنی کچان ٩% بوو، بەڵام ئێستا رێژەکە بووتە لەسەدا سفر، بەبڕاوی شارەزایان ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ "بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیریو چاوکراوەیی خەڵکو رۆڵی رێکخراوەکانو یاسایی توندوتیژی دژ بەژنان لەھەرێمی کوردستان ".
ویداد ئەمین، ژنێکی شارەزایە لەبواری پرسە کۆمەڵایەتیەکانو ئاماژە بەوە دەکات کە زیادبوونی ھۆشیاری خەڵک یەکێکە لەھۆکارەکانی کەمبوونەوەی دیاردەی خەتەنەکردنی کچان، ئەو بەئاوینەی وت "خەڵک زیاتر ئاگاداری زیانەکانی خەتەنەکردنی کچان بوونەتەوەو ئەو کارە بەپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەزانن، ھەروەھا ھەڵمەتەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەکو نەتەوە یەکگرتووەکانو یونیسیڤ بەشێوەیەکی چاڵاک کاریان کردوەو کاریگەرییان هەبووە لەکۆتایی ھێنان بەم دیاردەیە ".
وتیشی "لەزۆربەی وڵاتان یاسا دەرچووە بۆ قەدەغەکردنی ئەم کردارە، ھەروەھا بەرنامەکانی پەروەردەو فێرکردن کاریگەرییان ھەبووە لەسەر گۆرینی بیروڕای خەڵک، پێشتر خەڵک وا تێگەیشتبوو کە خەتەنەکردن شتێکی باشو ئەرکە لەسەر خێزان دەبێت بیکات، بەڵام دوای ئەوەی بپیان رونو ئاشکرابوو ئیتر وازیان لێھێنا، لێکوڵینەوە زانستیەکانیش دەریانخستووە کە خەتەنەکردنی کچان ھیچ سوودێکی تەندروستی نیە، بەڵکو زۆر مەترسیو زیانی دەروونیو جەستەیی ھەیە ".
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی وادی ئەڵمانی لەساڵی ٢٠١٨دا لەھەرێمی کوردستان ٢٨ کەیسی خەتەنەکردن لەگەرمیان تۆمارکراون، لە ھەولێرو دھۆک ١٢٠ کەیس، لەسلێمانیو ئیدارەی راپەرین ١٦٤ کەیس، لەساڵی ٢٠١٩ خەتەنەکردنی کچان لەگەرمیان بووەتە سفر، لەھەولێرو دھۆک ١٦١ کەیس ھەبووە، لەسلێمانیو ئیدارەی راپەرین ١٦٢ کەیس تۆمارکراون.
چیمەن عەبدوڵا، بەرێوەبەری لقی رێکخراوی وادی ئەڵمانی لەشاری دھۆک بەئاوێنەی وت "لە٢٠٠٤ ئیشمان لەسەر دیاردەی خەتەنەکردنی کچان لەسنوری پارێزگای دھۆک کردبوو، ئەوکات چەند حاڵەتێک ھەبوون، ئێستا دەزانم کەمبووەتەوە، بەڵام بەوردی نازانم بەیەکجاری نەماوە یاخۆد ھێشتا ھەیە، چونکە لەدوای ٢٠١١و ٢٠١٤ رێژەیەکی زۆر لە پەنابەرانی رۆژئاواو کوردانی ئێزیدیو عەرەبەکانی دەشتی نەینەواو شارەکانی تر ئاوارەی دھۆک بوون، بۆیە دەبێت لەنێو ئەواندا زانیاری ورد وەربگیرێت".
لەبارەی کەمبوونەوەی رێژەی خەتەنەکردنی کچان، چیمەن وتی "رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستیو حکومەت ھۆکارێکی سەرەکین کە بەھەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە، ھەروەھا خەتەنەکردن لەلایەن "مامان" یان پیرەژنەکانیش قەدەغەکراوەو خەڵکیش تێگەیشتووە کە چیتر خەتەنەکردن بۆ کچانی خۆیان نەکەن، ھاوکات یاسایی توندوتیژی دژی ژنان بەھەمانشێوە رۆڵی خۆی بینیوە لەکەمکردنەوەی رێژەکە لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستان".
پێش چەند ساڵێک لەسنوری پارێزگای دھۆک رێژەی خەتەنەکردن لەسەدا ٩% بوو، بەڵام بەپێی دواین ئاماری ئەنجومەنی باڵای خانمان لەھەرێمی کوردستان رێژەکە لەپارێزگای دھۆک بووەتە سفر.
شیێزاد پیرموسا، بەرێوەبەری رێکخراوی ئەلند بۆ دیمۆکراسی کردنی گەنجان، بەئاوێنەی وت "پێش ساڵی ٢٠١٧ بەپێی چەند ئامارێکی رێکخراوی وادی ئەڵمانیو یونیسێڤ رێژەی خەتەنەکردنی مێینە لەپارێزگای دھۆک لەسەدا ٩ بوو، لەساڵی ٢٠١٧ وەکو رێکخراوی ئەلند ھەستایین بەئەنجامدانی لێکوڵینەوەیەکی مەیدانیو کۆکردنەوەی زانیاری ورد، دوای ئەوە بۆمان دەرکەوت کە رێژەکە لەسەدا ٤ە لەسنوری پارێزگای دھۆک، ئەو حاڵەتانەش لەسنوری قەزای بەردەڕەشو چەند شوێنێکی تر ھەبووەو بەشیوەیەکی نهێنی ئەنجامدراون".
وتیشی "بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئەنجۆمەنی باڵای خانمان لەسەرانسەری کوردستان لەسەدا ٩٠ دیاردەی خەتەنەکردن نەماوە، پێشتر دیاردە بوو، بەڵام ئێستا بووەتە چەند حاڵەتێک کە ئەمەش جێگای دڵخۆشییە بۆ ھەموو لایەک، ھەر بەپێی ھەمان راپۆرت رێژەی پارێزگای دھۆک بووەتە سفر".
لەبارەی ھۆکاری کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی خەتەنەکردن، پیرموسا وتی "خەتەنەکردن لەھەرێمی کوردستان تاوانە، ھەرکەسێک بیکات وەکۆ تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ھەروەھا رۆڵی مامۆستایانی ئایینیو وەزارەتی پەروەردەو فێرکردنو رێکخراوەکان گنگ بووەو کاری باشیان لەسەر کردوە، بەقسەی ئەنجومەنی باڵای خانمان کە من خۆم قسەم لەگەڵ کردوون ئێستا رێژەی خەتەنەکردن لەتەواوی ھەرێمی کوردستان لەسەدا ٦ە".
خەتەنەکردنی کچان لەتەمەنێکدا ئەنجامدەدرێت کە کچان توانای بڕیاردانیان نییەو بەناوی ئایینی ئیسلامیشەوە دەکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەڵگەی واجبکردنی خەتەنەکردنی کچان لاوازە، بەپێچەوانەوە لەئایینی ئیسلام زیاتر باس لەخەتەنەکردنی کوڕان دەکرێت، سەرەرای ئەمەش زانایانی ئایینی بوچوونی جیاوازیان ھەیە لەبارەی خەتەنەکردنی کچان .
بەدرەدین شوشی، شارەزا لەئایینی ئیسلام بەئاوێنەی وت "لەڕووی شەرعی ئیسلامەوە خەتەنەکردنی کچان دروست نیە بکرێت، تەنیا باسی خەتەنەکردنی کوڕان کراوە، ئەوەی دەکرێت دەگەڕێتەوە بۆ چەند دابونەریتێکی کۆمەڵگەو نەبوونی زانیاری ڕاستو ورد لەسەر پرسەکانی ئایینی ئیسلام".
وتیشی "ھەر شتێک کە زیانی بۆ مرۆڤ ھەبێت باش نییە بکرێت، ئەمەش زیانی بۆ کچان ھەیەو لێکوڵینەوە پزیشکییەکانیش بەباشی باس کراوە، بۆیە نابێت لەژێر هەر ناوێک کچان خەتەنە بکرێن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات