مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، لەبارەی بۆردومانەكەی شەوی رابردوی توركیا لە سنوری كۆبانێ كە تێیدا 9 ئەندامی خێزانێك شەهیدبون كە زۆرینەیان منداڵ بون، داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكات ئەو تاوانانەی توركیا رابگرن و دەشڵێت، پێویستە حكومەتی كاتیی سوریا، بەرپرسیارێتی خۆی هەڵگبرێت لەبەرامبەر كوشتنی هاوڵاتیانی لەسەر دەستی وڵاتانی دیكە.
ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە پەیامێكدا وتویەتی، سەرخۆشی لە كەسوكاری ئەو قوربانییە بێتاوانانە دەكەین كە لە بۆردومانێكی سوپای توركیادا لە دەوروبەری كۆبانێ شەهیدبون كە ئەندامی یەك خێزان بون و هێوای چاكبونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.
عەبدی ئاماژەی بەوەشداوە، كردنە ئامانجی جوتیارێك و منداڵەكانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.
جەختیشی كردۆتەوە كە پێویستە حكومەتی كاتیی سوریا بەرپرسیارێتی خۆی لەبەرامبەر كوژرانی هاوڵاتیانی لەسەر دەستی وڵاتانی دیكە، هەڵبگرێت.
فەرماندەی گشتی هەسەدە داواشی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە كاریگەرەكان كردوە، ئەو تاوانانەی توركیا رابگرن.
هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە هیچ بژاردەیەكی دیكە نییەو ئاگربەست لە سەرتاسەریی سوریا بۆتە پێویستییەك بۆ سەركەوتنی قۆناغی راگوزەر بەرەو سوریایەكی سەقامگیر و ئارام.