ڤیدیۆ.. فێڵی دو بەنگلادیشی لە هەولێر ئاشكرادەبێت و دەستگیردەكرێن
  2025-03-17       339       

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، هاوڵاتییەكی بەنگلادیشی لەگەڵ هاوڕێیەكیدا هەڵساون بە تۆماركردنی گرتە ڤیدیۆیەكی خۆی كە گوایە رفێندراوەو ئەشكەنجە دەدرێت و داوای 12 هەزار دۆلاری لێدەكەن و گرتە ڤیدیۆیەكەیان بۆ خێزانەكەی ناردوەو وتویانە، تا پارەكە نەنێرن ئازادناكرێت، بەڵام ئاشكرابوە كە ئەمە سیناریۆی خۆیان بوەو دەستگیركراون.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای ئەوەی هەواڵمان پێگەیشت سەبارەت بە ڕفاندنی هاوڵاتییەکی بەنگلادیشی لە شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.

پۆلیس وتوشیەتی، لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت کە ئەمە سیناریۆی خۆیان بوە، بەوەی کە یەکێک لەو هاوڵاتییە بەنگلادیشیانە داوای لە خێزانەکەی کردوە بڕی (12 هەزار دۆلار)ی بۆ بنێرن بۆ دانەوەی قەرز بە هاوڕێکانی، بەڵام خێزانەکەی ڕازی نەبون، بۆیە ئەویش هەڵساوە بە دانانی سیناریۆیەک و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساختەی تۆمار کردوە کە گوایە ئەشکەنجە دەدرێت و بەبارمتە گیراوە، گرتەکەشی ناردوە بۆ خێزانەکەی بۆئەوەی داوا بکەن، تا بڕی پارەکە نەنێرن، ئازاد ناکرێت.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، دوای لێکۆڵینەوەکان، بۆمان دەرکەوت کە ئەمە سیناریۆیە، بۆیە لە ئێستادا خۆی و هاوڕێکەی بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ  بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کراون و دراونەتە دادگا.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×