مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لە عێراق، تاوتوێی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمیان كرد. هەروەها مەسعود بارزانی لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا گفتوگۆیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كردو.
ئاوێنە: بارەگای بارزانی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ دوشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە سەڵاحەدین لەگەڵ ئانل بورا ئینان، باڵیۆزی توركیا لە عێراق، كۆبوەتەوەو بیروڕایان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی و دوایین پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كردوەو باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و هەروەها سەردانی وەزیری وزەی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان كردوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و هەروەها هەڵبژاردنەكانی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەوەری تری كۆبونەوەكە بون.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دیكەی بارەگاكە، هەر ئەمڕۆ مەسعود بارزانی لە سەڵاحەدین لەگەڵ پاتریك دورێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كۆبوەتەوەو گفتوگۆیان لەبارەی رەوشی گشتیی عێراق، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە، پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، سەردانی مەزڵوم عەبدی و شاندی دەم پارتی بۆ لای بارزانی كردوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەوبارەیەوە مەسعود بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئاشتیانە لە توركیا دوپات كردۆتەوە.
بارەگای بارزانی وتوشیەتی، لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكانی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی عێراق كرا. هەروەها جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و دۆستایەتیی مێژویی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسا كرایەوە.