بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشبینییەكانی كەشوهەوای بۆ 48 كاتژمێری داهاتوو بڵاو كردەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێشبینییەكانی كەشوهەوای بۆ 48 كاتژمێری داهاتوو بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەمڕۆ، ئاسمان بە گشتی نیمچەهەور دەبێت، پلەی گەرماش یەك تا سێ پلە بە بەراورد لەگەڵ پلە تۆماركراوەكانی دوێنێ، نزم دەبێتەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، سبەی سێشەممە 18/3/2025، ئاسمان لە نیمچەهەورەوە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، لە كاتەكانی ئێوارەدا نمەباران لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات، پاشان كاریگەرییەكەی بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی باكوور درێژ دەبێتەوە، لەگەڵ كەمێك بەفربارین.
پێشبینیی ئەوەش دەكرێت، هەر سبەی، لە كاتەكانی درەنگانی شەودا، نمەباران زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، هەندێك جاریش هەورەبرووسكە و تاوەبارانی لەگەڵدا دەبێت، زیاتریش ناوچە شاخاوییەكان دەگرێتەوە، پلەی گەرماش دوو تا چوار پلە بە بەراورد لەگەڵ پلە تۆماركراوەكانی دوێنێ، نزم دەبێتەوە.