ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
  2025-03-12       167       

لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، لێخۆشبون لە قیستەکانی سودمەندانی قەرزی بچوک لە ساڵانی پێشو کە سودمەندەکانیان کۆچی دواییان کردوە پەسەندكراوەو مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانیش سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی ڕاسپاردوە هەرچی زوە لیستی موچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوەو حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستۆتەڕو.

بەپێی راگەیەندراوەكە، مەسرور بارزانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانیش ڕاسپێردران هەرچی زوە لیستی موچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ بنێردرێت، بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی ئادار پێش پشوەکانی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی کۆبونەوە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ئامادەبونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕو.

لەم بارەوە وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، تیشکی خستە سەر ئەنجامی گفتوگۆ و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایيی بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵ.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەپێناو زو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە و تەواوکردنی پێداویستی و ڕێکارەکانی هەناردەکردن، لە هەمانکاتدا جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە بە ئاراستەی هەناردەکردنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، ئەمەش لە دوای تەواوکردنی ڕێکار و پێداویستیيەکانی پرۆسەکە کە ئێستا هەر دو وەزارەت و کۆمپانیا نەوتییەکان بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکەن.

بڕگەی دوەمی کارنامەی کۆبونەوە، تایبەت بو بە گفتوگۆکردن لەبارەی دو پێشنیار کە لەلایەن کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕو، سەبارەت بە لێخۆشبون لە پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستيی تایبەت کە پێش ساڵی 2013 ئەو پێشینەیەیان وەرگرتبوە. هەروەها لێخۆشبون لە قیستەکانی ماوە بۆ سودمەندانی قەرزی بچوک لە ساڵانی پێشو کە بۆ پڕۆژەی مامناوەمد ئەو قەرزانەیان وەرگرتبو، بەڵام ئەو سودمەندانە کۆچی دواییان کردوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ هەردو پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، هەردو وەزارەتی دارایی و ئابوری و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپێردران بە دەرکردنی ڕێنمایيی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×