زانا عارف
تورکیا بۆچی شەرع لە لیستی تیرۆرەکەی دەرناهێنێ؟
چوار مانگ پێش ئەوەی باخچەلی لە بیستی تشرینی ساڵی ڕابردوو بێتە پەڕلەمان و داوا لە ئۆجئالان بکات پەکەکە هەڵوەشێنێ و بۆ یەکەم جار تەوقە لەگەڵ پەڕلەمانتارەکانی هەدەپی-دەمی ئێستا بکات، ئیسرائیل و ئەمریکا ئۆفەرێک دەخەنە بەردەم شەنکاڵ ئەتەساڤی کۆنەسەرۆکی میت و ڕاوێژکاری باخچەلی، واتە ئەو میتەی پێش بیست و پێنج ساڵ ئۆفەری تەسلیمکردنی ئۆجئالانی خرایە بەردەم و قبوڵی کرد..
لە ئۆفەرەکەیا دەڵێن پەکەکەتان دەدەینێ، ڕۆژئاوامان بدەنێ..
شەنکاڵ ئەتەساڤ لەگەڵ باخچەلی ئۆفەرەکە قبوڵ دەکەن..
ئێردۆغان دەبێ ئاگای لە پڕۆژەکەیان بێت و نابێ بەتەواویش ئاگاداری ئۆفەرەکەی ئیسرائیل بێت!!
چونکە دەزانن ئێردۆغان پێویستی بە مانەوەی پەکەکەیە بۆ تەسفیەی ئیمامئۆغڵو کە کابوسی خەوەکانێتی و زاتی ئەوەی نییە بچێتە هەڵبژاردن لەگەڵیا، چونکە هەموو ئانکێتەکان بردنەوەی ئیمامئۆغڵو پیشان دەدەن.
دەچنە لای ئێردۆغان و دەڵێن چەک بە پەکەکە دادەنێین، ڕێگەمان بدە بچینە ئیمراڵی.. ئێردۆغان ئەقڵی نایگرێ، دەڵێ گەر توانیتان باشە بەڵام من لە پڕۆگرامی خۆم بەردەوامم گەر سەرکەووتوو بوون باشە، سەرکەووتوویش نەبوون خۆتان بەرپرسن...
مەهەپە بە قۆڵی میتی سەر بە شەنکاڵەوە، ئۆجئالان و قەندیل ڕازی دەکەن، هەموو قەندیل نا بەشێکی قەندیل..
دواتر کاتێ باخچەلی لە پەڕلەمانەوە هاوار لە ئۆجئالان دەکات، ئێردۆغان شۆک دەبێ بە قسەکانی، لەوێدا تێدەگات پڕۆژەکە زۆر لە باخچەلی و شەنکاڵ ئەتاساڤ گەورەترە...
ئێردۆغان دووجار لە پڕۆسەی ئاشتی شکستی هێناوە، هەربۆیە باوەڕی بەمەیش نابێ، بەڵام یان دەبێ دژی ئەمریکا و اسرائیل بوەستێ یان دەبێ ئەقڵی خۆی بداتە دەست باخچەلی و ئەتاساڤ..
دوای ئەمە قۆڵێکی پەکەکە لە دژی پڕۆسەکە وەستانەوە، پەلاماری کارگەی دروستکردنی چەکیان دا لە ئەنقەرە کە شوێنێکی هەرە هەستیارە لە تورکیا، بەڵام وێڕای ئەمەیش گفتوگۆکان نەپچڕان..
ئێردۆغان لەولاوە خەریکی پڕۆژەکانی خۆی بوو، بەردەوام قەیومی لەسەر شارەوانییەکانی هەدەپە دادەنا، دوو شاری ڕەمزیشی هەڵبژارد، شارەکەی ئەحمەد تورک کە وەفدی دانوستانی دەم و ئیمڕاڵی بوو، لەگەڵ شارەکەی ئۆجئالان وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی بێمتمانەیی لەنێوان قەندیل و مەهەپەدا...
کار گەشتە ئەوەی دەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسی ڕوویان کردە ئێردۆغان و وتیان:
نیازی چیتان هەیە؟ لەلایەک باسی ئاشتی و چەکدانان دەکەن، لەلایەک قەیوم دەخەنە سەر شارەوانیەکانمان، ئێوە ئاشتیتان دەوێ یان نا؟؟
تەنانەت دەمپارتی لەو کۆنگرەیەدا نزای زوو چاکبوونەوەیان بۆ باخچەلی کرد کە نەخۆش کەوتبوو..
لەم کاتەدا هەموو شرۆڤەکاران دەیانوت ئێردۆغان ڕۆڵی پۆلیسی خراپ و باخچەلیش پۆلیسی چاک دەبینێ، بەڵام وانەبوو هەر بەڕاستی لەم بابەتەدا وەهابوون و ڕۆڵ نەبوو..
ئێردۆغان بەهەموو هێزی دەیویست کەلێن بخاتە نێوان قەندیل و مەهەپە، باخچەلیش بەهەموو هێزی دەیویست پڕۆسەکە سەر بگرێ، مومتەزەر تورکئۆنە بەناوی باخچەلییەوە ئەم قسانەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد کە کەسێکی ئەکادیمی و ڕاستگۆیە..
دوای ئەوەی ئۆجئالان پەیامەکەی بڵاو کردەوە و قەندیلیش ئامادەییان بۆ چەکدانان دانا، ئێردۆغان دیسان ڕازی نەبوو..
ئەمجارەیان لە ڕێگەی ڕاوێژکار و ڕۆژنامەنوسێکی وەک عەبدولقادر سێلڤی بیانوویان خستە بەردەم پڕۆسەکە کە دەبێ ڕۆژئاوایش لەگەڵ قەندیل چەک دانێ...
لەم کاتەدا هەدەپەیش بوون بە دوو بەشەوە سڕڕی سورەییا ئۆندەر دەیوت چەکدانانەکە ڕۆژئاوایش دەگرێتەوە بەڵام هاوسەرۆکی دەم دەیوت نایگرێتەوە..
ئۆندەر دڵنیا بوو چونکە دەیزانی پڕۆسەکە دەستی دەرەکی لە پشتە، دەیوت خەمتان نەبێ چەکەکان دادەنێن و هیچیشیان لێ نایەت!!
بەڵام لەولاوە ئەحمەد شەرعیش ڕازی نەبوو، بە ئیعازی ئێردۆغان ملی نەدەدا بۆ ڕێکەوتنەکە و کاتی دەکوشت..
بەڵام دوای کۆکوژی عەلەوییەکان لەسەر دەستی هەنێ چەتەی چیچانی و کۆنەداعش، مەشروعیەتی دیسان کەوتە ژێر پرسیارەوە، شەرع نەک ئەمریکا بەڵکو تورکیاش هێشتا لە لیستی تیرۆر دەرینەهێناوە، هەردووکیان تەوقیان کردۆتە ملی تا ئاڕاستەی ئەجێنداکانی خۆیانی بکەن..
واتە ئەمریکا گوێیەکی گرتووە و گوێیەکەی تری بەدەستی تورکیاوەیە، لەمیان دەترسێ لەسەر کار لایبدات، لەویان خوازیارە سوریای بۆ ئاوەدان بکاتەوە..
بەڵام ئەمجارە ئیتر بەتەواوی ناچاربوو، خۆی پێشتر شەش تۆمەتی کۆکوژی عەلەویەکانی لەسەرە و ئەمجارەیشیان وەک دووشەش لەدەستیا تۆپی..
شەرع لەکۆتاییدا ملیدا بۆ پڕۆژەیەک کە تا ڕادەیەک دڵی تورکیاشی تێدا ڕاگیراوە، لەسەر وەرەقە نەک لە واقعدا..
ئێردۆغانیش لە کۆتاییدا هیچی بۆ نەمایەوە جگە دەسخۆشی چونکە وەستانەوەی لەدژی تڕەمپ باجێکی لەوەی زێلنسکی قورستر دەبێ، ئابوری تورکیا لە ئێستادا فوویەکی تڕەمپی دەوێ بیخاتە چاڵێکی دۆزەخاوییەوە..
ئێردۆغان پێشتر لە مێدیا خۆی بە فاتیحی سوریا ناساندبوو، ئێستاش ناچارە بەردەوامی بەو ڕۆڵەی بداتەوە، هەرچەنە تازە دەستی لە بنی هەنبانەکەوە دەرچووە..
یەکەم ئاریشەیش کە چاوەڕێی دەکات ئەوەیە گەر شانازی یان پڕۆمۆی ئەوە بکات کۆتایی بە پەکەکە هێناوە، ئەی ئیمامئۆغڵو بە چ پاساوێ بخاتە زیندان کە هەموو دۆسیەکانی تۆمەتێکی پەکەکەی بە قنەوە ناوە...
خۆی ئەوەی جێی داخە بریتییە لەوەی ڕێکەوتنی سەر وەرەقە هیچ واتایەکی نییە گەر لە واقعدا جێبەجێ نەبێت. ماف و برایەتی نێوان کورد و عەرەب و تورک شتێک نییە لە دەرێ بێتە ناو ناخی مرۆڤەوە، بەڵکو دەبێ لەناخی مرۆڤەوە بۆ ناو واقع بگوازرێتەوە..
هەربۆیە ئەم تڕەکەڵەکەی بەدەستی ئیسرائیل و ئەمریکا، بە زەبری شەق و پارە و هەڕەشە هەموولایەکیان ڕێکخستووە، دوور نییە وەک عێراق و ئەفغانستانی لێنەیەت..