پێش واژۆکردنی رێکەوتنەکەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی راگوزەری سوریا، فەرماندەی گشتیی (هەسەدە) ئاماژە بەوە دەکات کە کرانەوەیەک بە رووی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا هەیە.
ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری مەجەلە کە رۆژی 17ـی شوباتی رابردوو تۆمارکراوە پێش واژۆکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، عەبدی باسی لەوە کردووە، ئەو بنەما سەرەکییەی لەگەڵ دیمەشق لەسەری رێکدەکەون ئەوەیە، سوریا تەنها یەک سوپای هەبێت نەوەک دوان.
مەزڵوم عەبدی وتوشیەتی "هەر کە ئاگربەستی هەمیشەیی لە سوریا بەدیهات، شەڕڤانانی بیانی نێو هێزەکانی سوریای دیموکرات وڵات بەجێدەهێڵن.
ناوبراو جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەمریکا بەردەوام هانیداوە لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆ ئەنجامبدات، هەروەها دەڵێت "ئەمریکا نەک تەنها هاندان، بەڵکو نێوەندگیریشی کردووە بۆ ئەم بابەتە".
لەبارەی ئەگەری هەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ ئێران، فەرماندەی گشتی (هەسەدە) دڵنیاییداوە، نە ئێستا و نە لە داهاتوودا هەماهەنگییان لەگەڵ ئێران نەبووە و نابێت، "هیچ داهاتوویەک بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێران لەمبارەیەوە نابێت، ئێمە لە ئێستادا تەنیا سەرنجمان لەسەر ئەوەیە ببینە بەشێک لە ئیدارەی نوێی سوریا".
عەبدی رەتیکردووەتەوە، نیازیان هەبێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە سوریا دووبارە بکەنەوە و دەڵێت، سوریا وەکو عێراق نییە، رۆژئاڤاش وەکو هەرێمی کوردستان نییە.
