جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ڕێگە نادەن چی دیکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوابکەوێت، هاوکات دەشپرسێت "پێویستە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆمان ڕوون بکاتەوە، کێ لە پشت سزادانی فەرمانبەرانمانە؟".
ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆتایی هەموو مانگێک، بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بیانوو دەهێنێتەوە و داوای هەندێک زانیاریی نوێی مووچەخۆران دەکات، لە کاتێکدا هەموو زانیارییەکی پێویست لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێ دراوە".
وتیشی "بە نوسراوی بانکی ناوەندیی عێراق، زانیاریی فەرمانبەران دەبێت لەنێوان فەرمانبەران و ئەو بانکانەی مووچەکانیان تێدا دەدرێت، پارێزراوبێت".
بەوتەی شاخەوان عەبدوڵا بێت، ئەوەی تەیف سامی و چەند کەسانێکی دیکە لە بەغدا، لە بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەیکەن، بەم شێوەیە بەردەوام نابێت. دەشڵێت "نە حکومەتی هەرێمی کوردستان، نە پەرلەمانتار و نە سیاسەتمەدارانی کوردیش ئەمە قبووڵ ناکەن".
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق قسەیکردووە و پێی ڕاگەیاندووە، کە مووچە دەنێرێت، وتیشی "بەڵام ئەویش لەبارەی ئەم بابەتە، دەبێت زیاتر ڕوون بێت لەگەڵ ئێـمە، چونکە ئەم بڕیارانە تەنها بە تەیف سامی نادرێن، پێویستە سەرۆک وەزیران ڕێنمایی پێ بدات".