وتەبێژی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ڕێككەوتنی نێوانی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع سەرۆكی دەسەڵاتی سووریا هەنگاوێكی گرنگە و هەروەها ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەكەن، كە هێزەكانی دیمەشق دێنە حەسەكە ناڕاستن.
ئاوێنە: فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) سەبارەت بە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ دیمەشق زانیاری نوێی ڕایگەیاند، ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ دیمەشق هەنگاوێكی ئەرێنی و گرنگە، هەروەها ئەم ڕێككەوتنە سەرەتاییە و بە نێوەندگیری ئەمریكا بووە، ئەمریكییەكان لایەنێكی سەرەكی ئەم ڕێككەوتنەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەكەن، كە هێزەكانی دیمەشق دێنە حەسەكە ناڕاستن، ڕەنگە هێزەكانی دیمەشق لەسەر سنوور جێگیر بن.
دەشڵێت، ئەنجوومەنە پێكهێنراوەكان پرسی زیندانییەكان چارەسەر دەكەن، یەكێك لە لیژنەكان تایبەتە بە خۆبەڕێوەبردن لە ڕووی پەروەردە و بارودۆخی ئەو خوێندكارانەی، كە زمانی كوردییان خوێندووە.
ئەوەشی خستەڕوو، هیچ گۆڕانكارییەك لە دۆسییەی داعشدا نییە، دۆسییەی داعش لە دەستی قەسەدەدا دەمێنێتەوە.
لە كۆتاییدا وتی، ماوەی دوو ڕۆژە توركیا هێزەكانی خۆی لە بەنداوی تشرین و قەرقۆزان كۆدەكاتەوە، ئامانجی سەرەكیمان ڕاگرتنی شەڕە، هەروەها ئامانجمان گەڕانەوەی ئاوارەكانی عەفرین ی و گیرێ سپییە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ڕاگرتنی گۆڕانی دیمۆگرافیایە.
جێگای ئاماژەیە، شەوی ڕابردوو مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی دەسەلاًتداری سووریا ڕێككەوتنێكی واژۆكرد، بەپێی ڕێككەوتنەكە هێزەكانی قەسەدە دەبنە بەشێكی فەرمی لە بەرگری سووریا، ئەم ڕێككەوتنە بووە جێگەی دڵخۆشی بۆ سەرجەم دانیشتوانانی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان، بەتایبەتی عەلەوییەكان سووریا.