عه‌لى باپیر ئەحمەد شه‌رع‌و مەزڵوم عه‌بدى له‌مه‌ترسیه‌ك ئاگادارده‌كاته‌وه‌
  2025-03-11       631       

لەڕێگەی په‌یامێكه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكى ڕاگوزه‌رى سوریاو فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، عه‌لى باپیر له‌مه‌ترسییه‌ك ئاگاداریان ده‌كاته‌وه‌، ده‌شڵێت:"وریای کەسانی هەڵەشەو عاتیفى ده‌وروبه‌رى خۆتان‌و هاوكات دەستی پیسی سێیەمیش بن ڕیسەکەتان لێ نه‌كه‌نه‌وه‌ به‌خوریی".

ئاوێنە: له‌و نامه‌یه‌دا كه‌ له‌ڕێگه‌ى فه‌یسبوكى خۆیه‌وه‌ ئاراسته‌ى كردون‌و بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، عه‌لى باپیر سه‌رۆكى كۆمه‌ڵى دادگه‌ریى نوسیویه‌تى:"پیرۆزبایی لەخەڵکی ستەمدیدەی سوریا دەکەم بەگشتیی‌و هیوادارم سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا لەم هەنگاوە بەهرەمەندبن، دەستخۆشیی لەئه‌حمه‌د شه‌رع‌و مه‌زڵوم عه‌بدى دەکەم‌و بێگومان هەنگاوی گەورەش حەوجێی عەقڵ‌و دڵی گەورەیە".

هۆشداریداوه‌و له‌مه‌ترسییه‌كیش شه‌رع‌و عه‌بدى ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت:"هیوادارم هەردولاتان وریای کەسانی هەڵەشەو عاتیفیی خۆتان‌و هاوكات دەستی پیسی سێیەمیش بن‌و نەهێڵن ڕیسەکەتان لێبکەنەوە خوریی".

له‌كۆتایشدا جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "بێگومان گەلی کوردیش کە وەك گەلانی دراوسێی لەعەرەب‌و فارس‌و تورك، خاوەنی مافە خواپێداوەکانیەتی، لەسەرەتاوە تاکو کۆتایی، هەمیشە لەکەشوهەوای هێمن‌و ئارامدا قازانجی کردوەو دەکات".

په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆكى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى له‌كاتێكدایه‌، شه‌وى ڕابردوو سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى سوریا دیمه‌نى ڕێكه‌وتنى نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سوریاى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ خۆى له‌ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵیدا ده‌بینێته‌وه‌. 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×