تورکیا گەشبینی خۆی بە رێککەوتنەکەی سوریا لەگەڵ هێزە کوردییەکان راگەیاند
  2025-03-11       282       

بەرپرسێکی تورکیا ئاشکرایکردووە کە توركیا بە وریاییەوە گەشبینە بە رێككەوتنی سوریا لەگەڵ هێزە كوردییەكان، هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە نابێت یەپەگە وەک یەک گروپ بچێتە ناو دامەزراوەکانی سوریاوە، "دەبێت زنجیرە فەرماندەییەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە".

ئاوێنە: بەرپرسێکی تورکیا کە ناوی ئاشکرانەکراوە بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ی وتووە، وڵاتەكەی بە وریاییەوە گەشبینە، لە رێککەوتنی سوریا لەگەڵ هێزە کوردییەکان و ئەنكەرە سەرەتا دەیەوێت بزانێت چۆن جێبەجێ دەکرێت.

وتوشیەتی "رێککەوتنەکە هیچ گۆڕانکارییەک ناکات لە پێداگری تورکیا بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و، نابێت یەپەگە وەک یەک گروپ بچێتە ناو دامەزراوەکانی سوریاوە، بەڵکو پێویستە تێكەڵكردنی لەڕێی هەڵوەشاندنەوەی زنجیرە فەرماندەییەکەی بێت".

بەرپرسە تورکەکە زیاتر ئاشکرا دەکات و دەشڵێت "دانوستانەکانی کۆتایی هەفتەی نێوان عێراق، سوریا، تورکیا و ئوردن لە عەممان سەبارەت بە هاوکاری ئەمنی نێوان هەر چوار وڵات، لەوانە دامەزراندنی ناوەندی ئۆپەراسیۆن، هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری و رادەستکردنی کەمپی زیندانەکانی هەڵگرتنی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، کاریگەرییان هەبوو لە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق".

هەر بەوتەی ئەو "دانوستانەکانی عەممان پەیامێکیان گەیاندووە، کە بوونی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) لە سوریا قبوڵ ناکرێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×