فایەق گوڵپی بۆ ئاوێنە: لە رێككەوتنەكەدا بۆ یەكەمجارە لە مێژوی دەوڵەتی سوریادا دان بە بونی كورددا دەنرێت
  2025-03-12       405       

د. فایەق گوڵپی، سیاسەتمەداری كورد، رێككەوتنەكەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع بە "گرنگ" ناودەبات و چونكە لە رێككەوتنەكەدا بۆ یەكەمجارە لەمێژوی دەوڵەتی سوریادا دان بە بونی كورددا دەنرێت. پێشی وایە توركیا بەو رێككەوتنە رازییە و دەشڵێت، پەیامەكەی ئۆجەلان هیچ پەیوەندییەكی بە سوریاوە نییەو بۆ ئەوە نییە كە هەسەدە چەك دابنێت.

ئاوێنە: د. فایەق گوڵپی، سیاسەتمەداری كورد، لەبارەی رێككەوتنەكەی نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەو ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا، لە لێدوانێكدا بۆ ئاوێنە وتی"ئەم رێککەوتنە زۆر گرنگە، چونکە بۆ یەکەمجارە لە مێژوی دەوڵەتی سوریادا دان بە بونی کورددا دەنرێت، حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی سوریا لەدوای دروستبونی ئەو وڵاتەوە تا 10ی مانگی سێی 2025، دانیان بە بونی کورد نەنابو، ئەم رێککەوتنە دانی پێدا دەنێت."

ئاماژەی بەوەشدا، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئەم رێککەوتنە بە نێوەندگری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کراوە بەتایبەتی ئەمریکا و فەڕەنسا ئەمەش زەمانی سەرکەوتنی رێککەوتنەکە زیاتر دەکات.

لەبارەی كاریگەری رێككەوتنەكە لەسەر رۆژئاوای كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستانن، د. فایەق گوڵپی وتی، رێككەوتنەكە "سەقامگیری" بەدوای خۆیدا دەهێنێت و "کورد دەتوانێت لەسوریاو رۆژئاوا دەسەڵاتی هەبێت." وتیشی"لە رۆژئاوای کوردستان بابەتی دەستور بەگوێرەی بیروبۆچونی نوێی عەبدوڵا ئۆجەلان جێبەجێ دەکەن، بابەتی سنوری کوردستان شتێکی زۆر جەوهەری نییە لەبەرئەوە رۆژئاوای کوردستان وەکو ناوچە جێناکۆکەکانی باشوری کوردستان حساب بکەین، کوردستانەکەی ئەوێ عەرەبی لەگەڵە تورک و ئاشوری و..هتد، بەشێوەیەکی گشتی ئەو بۆچونانەی بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا تێکەڵبون لەگەڵ حکومەتی سوریا دەتوانین بڵێین بەهۆی ئەو بیرۆکانەی هەیانە لەیەکتری نزیک دەکەونەوە. کورد دەتوانێت بە ئاشتی بژی لە سوریاشدا ئاشتی بەرقەرار دەبێت."

وتیشی، رێككەوتنەكە "لەسەر باشوری کوردستان و پارچەکانی تر کوردستان کاریگەری پۆزەیتفی دەبێت ئەو دەستکەوتانەی رۆژئاوا بەشێوەیەکی باش دەشکێنەوە بۆ ئەوەی کوردی پارچەکانی تر دەستکەوتی خۆیان بەدەستبهێنن."

سەبارەت بەوەی كە ئایا ئەو رێككەوتنە پەیوەندی هەیە بە پەیامەكەی ئۆجەلانەوە بۆ چەكدانان، د. فایەق وتی"پەیامی ئۆجەلان بۆ تورکیایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیاو گەریلاکانی پەکەکەیە. رۆژئاوای کوردستان، لەروی یاسای نێودەوڵیتییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە تورکیاوە نییە، ئۆجەلان پەیامی نەناردوە کە هەسەدە چەک دابنێت، هەروەها هەسەدەش چەکی دانەناوە و تێکەڵدەبێت بە سوپای سوریا، هەسەدە لەسنوری رۆژئاوای کوردستان دەمێنێتەوە، جاران هێزێکی سەربەخۆبو ئێستا سەربە سوپای سوریایە، پەیامەکەی ئۆجەلان لەروی یاساییەوە کاریگەری نییە، بەڵام لەروی فکری سیاسی بەڵێ هەیەتی."

ئەو سیاسەتمەدارە كوردە پێی وایە توركیا بە رێككەوتنەكە "رازییە" و وتیشی"لێدوانێکی هاکان فیدان هەبو دو سێ رۆژ لەمەوپێش لەو کۆنگرەیەی لە ئوردن لەنێوان تورکیا و ئوردن و عێراق بەسترا بۆ دژایەتی تیرۆر، هاکان فیدان دەڵێت؛ دەوڵەتی سوریا سیستەمێکی موعتەدیل پەیڕەو دەکات و ئاگای لەمافی پێکهاتەکانیش هەیە ئەمەش وا پێشبینی دەکرێت تورکیا ئاگای لەو رێککەوتنەیەو بەوەش رازی بێت."

ئاماژەی بەوەشدا، بەنسیبەت شەڕی تورکیاش و لە سوریا لەبەندی سێیەمی رێککەوتنەکە باسی ئەوە دەکات دەبێت شەڕ لە سوریا بوەستێت، هەم لە ناوچە عەلەوییەکان و کوردستان ناوچەکانی تریش، کە بەدڵنیایەوە ئەمەش سودی هەیە بۆ رۆژئاوای کوردستان تەنانەت بێدەنگەیەکیش باڵی بەسەر ئەو ناوچەیەدا كێشاوە.

د. فایەق گوڵپی لەبارەی هەڵوێستی ئێران و ئیسرائیل لەبارەی رێككەوتنەكەوە وتی"بەدڵنیاییەوە وڵاتانی ئیقلیمی بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بەهێزی گرنگ دەزانن لەناوچەکە هەوڵدەدەن پێگەی خۆیان لەو وڵاتانە پتەوبکەن و کاریگەریان هەبێت لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتانە بەتایبەتی وڵاتێکی وەکو سوریا كە تازە دامەزراوە، پێشتر ئێران کاریگەری هەبو لەسەر سیاسەتی حافز ئەسەد و بەشار ئەسەد، ئێران ئێستا ئەوەی لەکیس چوە هەوڵدەدات و بیردەکاتەوە بەرنامە دابنێت چۆن پێگەی خۆی لە سوریا بگەڕێنێتەوە، هەوڵەکانی کاتێک سەردەگرێت سوریا ئاشتی و ئارامی جێگیری تێدا نەبێت، ئەم رێکكەوتنە وادەکات رێگەبگرێت لەدەستوەردانەکانی ئێران و ئیسرائیل، ئەگەر مافی پێکهاتە جیاجیاکان گرەنتی بکرێت لەسوریا مافی عەلەوییەکان و دروزەکان و کوردەکان ئەوکاتە دەبێت بە سوریایەکی بەهێز و دەستی دەرەکی ناتوانێت کاریگەری لەسەر سیاستەکان هەبێت."

هەروەها وتیشی"کێشەی کورد لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، کورد کێشەی لەگەڵ حکومڕانانی سوریادا هەیە، باشترین شێوە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد ئەوەیە کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە رێکبکەوێت و داوای مافەکانی خۆی لەوان بکات، ئەوان دان بەمافەکانیاندا بنێن تاوەکو پشت بەهێزێکی سیاسی دەرەکی ببەستن کە لەروی یاسای نێودەوڵەتییەوە بۆی نییە شتێک بکات بۆ کورد لە سوریا، ئیسرائیل مەرج نییە بەردەوام هاوکار بێت، چونکە ئیسرائیل لەرابردو لەهەرە دۆخی ناخۆشدا جێی هێشتوین ساڵی 1975 و شەڕی ئەیلول و ریفراندۆم، بۆیە لەگەڵ ناوخۆی خۆت رێکبکەوەو وەرەقەی خۆت مەخەرە دەست ئیسرائیل و عەزێتیان مەدە."

هەروەها وتیشی"سەبارەت بەوەی کە شەرع جێی متمانە نییە، ئەم بابەتانە لەسیاسەتدا دوژمنی تاسەر و دۆستی تاسەر نییە، پێشتر شەرع قائیدە بوە، داعش بوە ئێستا گۆڕاوە و بەشێوەیەکی ترە، دواتر سیاسەت بەهێز دەکرێت و دەبێت ئەزمون لەهەڵەی حکومڕانی رابردوی وڵاتەکەی فێربێت، شکستی وڵاتان و ئەزمون فێربێت لە سیاسەتە هەڵەکانی سوریای رابردو."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×