مامۆستایانی ناڕازی لەبارەی پڕۆژەی روناكی: ئەم گیرفانبڕینە رانەگیرێت، هەڵوێستی بەرفراوانمان دەبێت
  2025-03-12       252       

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، حكومەت بە بیانوی دابینكردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەیەوێت نرخی کارەبا بەشێوەیەکی زۆر خەیاڵی گران بکات و تەواوی هاوڵاتیان بکەنە کرێچی کۆمپانیا حیزبی و بنەماڵەییەکانیان. دەشڵێت، لە ئاست ئەم گیرفانبڕینەو هەر ستەمێکی تری بنەماڵە حکومڕانەکانی هەرێم بێدەنگ نابین، ئەگەر ڕانەگیرێن لە ئایندەدا هەڵوێستی بەرفراوانمان دەبێت .

ئاوێنە: ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"بە بیانوی دابیکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەیانەوێ نرخی کارەبا بەشێوەیەکی زۆر خەیاڵی گران بکەن و تەواوی هاوڵاتیان بکەنە کرێچی کۆمپانیا حیزبی و بنەماڵەییەکانیان."

جەختیشی كردۆتەوە"ئەرکی هەمو هاوڵاتیان و زانایانی ئاینی و حیزب‌ و ڕێکخراوەکانە پێش ئەوەی ببین بە کرێجی کۆمپانیاکانی حیزب‌ و بنەماڵە حکومڕانەکان، بەگژ ئەم پیلانە بێ ویژدانانەو ستەمکارانانەدا بچینەوە و هەڵویستی جدی و بەردەواممان هەبێت."

وتوشیەتی"ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە لە ئاست ئەم گیرفانبڕینەو هەر ستەمێکی تری بنەماڵە حکومڕانەکانی هەرێم بێدەنگ نابین، ئەگەر ڕانەگیرێن لە ئایندەدا بەهاوکاری سەرجەم چین و توێژەکانی تر هەڵوێستی بەرفراوانمان دەبێت."

دەقی راگەیەندراوەكە:

بەناوی خوای گەورە

هۆشدارییەک لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە

وەکو ئاگادارن زیاتر لە 30 ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم داهاتی سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتە بەتاڵان دەبەن و گەلی کوردستان بێ موچە و برسی دەکەن.

بەتایبەتی لەدوای ئابوری بەناو سەربەخۆوە وە لەو ڕوژەوە ئەم دەسەڵاتە نەزانە بڕیاریدا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێ، بێ موچەیی و هەژاری دواکەوتنی موچە دەستی پێکرد.

دەسەڵاتدارە بێ ویژدانەکە لەجیاتی قەرەبوکردنەوەی ئەو دۆخە سەختەی ژیانی هاوڵاتیان و موچەخۆران بەردەوام بە بڕیاری ستەمکارانە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان سەختر دەکەن و گرانی و نەبونی زیاتر دەکەن.

لەم چوارچێوەشدا بە بیانوی دابیکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەیانەوێ نرخی کارەبا بەشێوەیەکی زۆر خەیاڵی گران بکەن و تەواوی هاوڵاتیان بکەنە کرێچی کۆمپانیا حیزبی و بنەماڵەییەکانیان.

ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ هەستکردنمان بەم پیلانە ستەمکارانە و مەترسیدارە وە بۆ خستنە بەردەم بەرپرسیاریەتی و دروستکردنی کۆدەنگی جەماوەری دژی ئەم دزی و تاڵانییە لە گیرفانی هاوڵاتیان لە چەند ڕۆژی ڕابردو ژمارەیەک کۆبونەوە و دیدارمان ئەنجامدا لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات.

بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین:

ئەرکی هەمو هاوڵاتیان و زانایانی ئاینی و حیزب‌ و ڕێکخراوەکانە پێش ئەوەی ببین بە کرێجی کۆمپانیاکانی حیزب‌ و بنەماڵە حکومڕانەکان، بەگژ ئەم پیلانە بێ ویژدانانەو ستەمکارانانەدا بچینەوە و هەڵویستی جدی و بەردەواممان هەبێت.

له کۆتاییدا ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە لە ئاست ئەم گیرفانبڕینەو هەر ستەمێکی تری بنەماڵە حکومڕانەکانی هەرێم بێدەنگ نابین، ئەگەر ڕانەگیرێن لە ئایندەدا بەهاوکاری سەرجەم چین و توێژەکانی تر هەڵوێستی بەرفراوانمان دەبێت .

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی

12 / 3 / 2025

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×