ھەسەدە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی دەوڵەتی توركی خستەخوارەوە
  2025-03-13       158       

ھەسەدە ڕایگەیاند، هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بەردەوامە و هێزەكانمانیش وەڵام دەدەنەوە، لەو چوارچێوەشدا هێزەكانمان توانیویانە لە بەنداوی تشرین و میحوەری قەرەقۆزاق سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی بخەنە خوارەوە.

ئاوێنە: هێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) سەبارەت بە ئاماری شەڕ و پێكدادانەكانی دوێنێیان لەگەڵ هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی لە سنووری بەنداوی تشرین و میحوەری قەرەقۆزاق، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بەردەوامن لە هێرشە دڕاندانەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و پێشێلكردنی سەرجەم پەیماننامە و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها هەموو جۆرە چەكێكی قورس بەكاردەهێنن.

دەشڵێن، دوێنێ لە بەرەی بەنداوی تشرین؛ دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بە تۆپی قورس گوندەكانی دەوروبەری بەنداوەكەیان بۆردوومان كرد، هاوكات فڕۆكە سەربازییەكان چەندین هێرشیان كردە سەر گوندی “خربەت زەمالا” لە گوندەكانی باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێكەوتەوە.

هەروەها لە هەوڵێكی چەتەكان بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆكوژی بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر خاڵەكانی هێزەكەمان، شەڕڤانانمان توانیان سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی بخەنە خوارەوە.

ئەوەش هاتووە، هەر دوێنێ لە میحوەری قەرەقۆزاق، فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی داگیركەر تورك چەندین هێرشیان كردە سەر گوندی “غەساق و ” لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق، دواتریش دەوڵەتی داگیركەر تورك و چەتەكانی، بە تۆپ و تانك و مووشەك هاوێژەكانی و گوللە هاوەن گوندەكانی “تینە، جەدە، بیر حەسو، دێكان، مەلحە”یشیان بۆردومان كرد، هەروەها گردی سەیفی و قەرا قۆزاقیانیش بوردوومان كرد، هێرشەكە هەڕەمەكی بوو و بە زیاتر لە ٥٠ گوللە هاوەن ئەنجامدرا، زیانی ماددی بە ماڵ و موڵكی هاوڵاتیان كەوت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×