راوێژكارێكی سودانی: لێخۆشبونی ئەمریكا لە عێراق بۆ هاوردەكردنی غازی ئێرانی بەردەوامە
  2025-03-12       216       

فەرهاد عەلادین، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی دەرەوە رایگەیاند، لێخۆشبونی ئەمریكا لە عێراق بۆ هاوردەكردنی غازی ئێرانی بەردەوامەو رەتیشیدەكاتەوە كە هیچ خواستێك لەلایەن ئەمریكاوە هەبێت بۆ سزادانی بانكی رافیدەین.

ئاوێنە: فەرهاد عەلادین، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە میدیای عێراقی وتوە"دەسەڵاتدارانی ئەمریكا جەختیان كردۆتەوە كە قسەكانی جۆ ویڵسۆن، ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا لەبارەی عێراقەوە هیچ پەیوەندییەكی بەوانەوە نییە."

وتوشیەتی"وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رەتیكردۆتەوە هیچ خواستێك هەبێت بە ئاڕاستەی سزادانی بانكی رافیدەین، كۆمپانیا ئەمریكییەكان كاردەكەن بۆ داڕشتنەوەی پەیكەری بانكی رافیدەین."

فەرهاد عەلادین ئاماژەی بەوەشداوە"كاردەكەین بۆ گۆڕینی تێڕوانینی ئەمریكا بەوەی كە عێراق لەچوارچێوەی دۆسیەی ئێراندا نییە."

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە"بابەتی گروپە چەكدارەكانی بابەتێكی نێوخۆییەو دەرەكی نییە، هەمو رۆژێك گفتوگۆ لەبارەی چارەنوسی گروپە چەكدارەكانەوە دەكرێت."

راوێژكارەكەی سودانی جەختیشی كردۆتەوە كە هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبونەكەی ئەمریكا هاوردەكردنی كارەبای لە ئێرانەوە كردۆتە ئامانج و لێخۆشبون لە عێراق بۆ هاوردەكردنی غاز بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×