رونكردنەوەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر لەبارەی تەقەكانی شەوی رابردوی هەولێر
  2024-10-15       194       

لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردو لە گەڕەكی زانیاری شاری هەولێر، هاوڵاتییەك كە ئۆتۆمبێلێكی پێ بوە لەناو بانگەشەكاراندا، لەلایەن پاسەوانەكانی كوڕەكانی كۆسرەت رەسول، هێرشی كراوەتە سەرو تەقەیەكی زۆریان كردوەو زیان بەو هاوڵاتییەو ئۆتۆمبێلەكەیشی گەشتوە.

ئاوێنە: لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر، ئەمشەو سێشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتی"لە ڕێکەوتی 14-10-2024 کاتژمێر 10:45ی شەو، لە گەڕەکی زانیاریی شاری هەولێر، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هاوڵاتییەک بەناوی (م. ت. أ.) کە ئۆتۆمبیلێکی جۆری لاندکرۆزەری پێ بوە لەناو بانگەشەکاراندا لە لایەن پاسەوانەکانی کوڕانی کۆسرەت ڕەسوڵ هێرشی دەکرێتە سەر و تەقەیەکی زۆر دەکەن و زیان بە خۆی و ئۆتۆمبێلەکەشی دەگەیەنن."

لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر وتوشیەتی"پاسەوانانی کوڕانی کۆسرەت ڕەسوڵ ئەمە جاری یەکەمیان نییە، ماوەیەک پێش ئێستاش لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر هەمان کاریان کردو هاوڵاتییەک برینداربو."

ئاماژەی بەوەشداوە "چەندبارەبونەوەی ئەم جۆرە ڕەفتارو کردەوانە دەرخەری ئەوەیە کە پاڵنەرێک هەبێت بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی شاری هەولێر."

جەختیشی كردۆتەوە كە "چیتر لە هیچ کەس و لایەن و هێزێک قبوڵ ناکەین کە بیەوێت ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر تێکبدات، بەپێچەوانەوە ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە و سزای یاسایی دەدرێن، خۆشیان بەرپرسیار دەبن لە ئەنجامی هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراو."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"لەو ڕوانگەیەشەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو ڕوداوەی شەوی ڕابردو کراوەتەوەو لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەرکراوە کە بەشداربون لەو ئاژاوەگێڕییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×