میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە، کۆمەڵێک کۆڵبەری خەڵکی مەریوان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە ئەشکەنجە دراون، دەشڵێن: لە کاتێکدا ئەشکەنجەی کۆڵبەرانیان داوە کە هیچ بارێکیان پێنەبووە.
ئاوێنه: میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە لێدان و ئەشکەنجەدانى کۆمەڵێک کۆڵبەرى کورد بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ٥ کۆڵبەری خەڵکی مەریوان، لە سنووری مەریوان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران لێاندراوە و ئەشکەنجە دراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، یەکێکیان بە سەختی بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری مەریوان گوازراوەتەوە.
دەشڵێن: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کاتێکدا ئەشکەنجەی کۆڵبەرانیان داوە کە کۆڵبەرەکان هیچ بارێکیان پێنەبووە.
هاوكات، بە پێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵ ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچەکانی سنووری و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی کوژران و برینداربوون، ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵن.