قائیمقامێكی نوێ بۆ شەنگال هەڵبژێردرا
  2024-07-02       582       

ئەمڕۆ دوشەممە، لە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوادا گۆڕانكاری لە 14 پۆستی كارگێڕی سنوری پارێزگاكەدا كراو سەیدۆ ئەحمەد بە قائیمقامی نوێی شەنگال هەڵبژێردرا. فراكسیۆنی پارتی و فراكسیۆنی "نەینەوا موەحەدە"، بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.

ئاوێنە: لەدانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوادا، سەیدۆ خەیری بە قائیمقامی شنگال، سەردار حەمەد بە قائیمقامی مەخمور، عوبەید خەلیل ئەحمەد بە بەڕێوەبەری ناحیەی زومار، غالب عەلی بە بەڕێوەبەری ناحیەی قەراج، فەلاح قەنبەر، بە بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلە و سامر یوسف، بە قایمقامی قەزای حەمدانیە دیاریکران.

ئەحمەد نازم دوبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی بە میدیای حزبەكەی راگەیاند، بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆیان کرد بەهۆی ئەوەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە نایاسایی بووە و پێچەوانەی ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو کە داوای کردووە هیچ گۆڕانکارییەک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان نەکرێت.

هاوكات بەپێی میدیا لۆكاڵییەكانی پارێزگای نەینەوا، فراكسیۆنی "نەینەوا موەحەدە"ش بایكۆتی دانیشتنەكەی كردوەو دانیشتنەكە بە ئامادەبونی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەچوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×