رێكخەری ژوری یاسایی گۆڕان: هەژماری من خاڵێكی رەشە بۆ كابینەی نۆیەم
  2024-07-03       386       



چۆمان محەمەد، رێكخه‌ری ژوری یاسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، هەژماری من خاڵێكی رەشە بۆ كابینەی نۆیەم، چونکە وەك جۆرێك لە سەپاندن فەرمانبەرانیان ناچاركرد بۆ خۆتۆماركردن بۆ ئەم بانکە ئەهلیانە، دەشڵێت: "ئەم ئیش دۆزینەوەیە بۆ بانكی ئەهلی لەبری مویەك هەزاران گوریسی تێدایە."

ئاوێنە: چۆمان محه‌مه‌د، رێكخه‌ری ژوری یاسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئەمشەو چوارشەممە، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی"هەژماری من، خاڵێكی رەشە بۆ كابینەی نۆیەم، چونکە حكومەتی هەرێم پێداگری و پشتیوانییەکی سەیرو تەواوی لێدەكات، تا دواهەناسەش پارێزگاری لێدەكات، وەك جۆرێك لە سەپاندن فەرمانبەرانیان ناچاركرد بۆ خۆتۆماركردن بۆ ئەم بانکە ئەهلیانە."

وتوشیەتی"هەر ئەمەش وایكرد بەرەیەكی دژی بۆ دروست ببێت، لە كاتێكدا دەشبێت چەندین خاڵی باشیشی تێدابێت بەڵام خەڵك متمانەی نەما بە پرۆسەكە، لە رابردوش سەلماندویەتی نە فەرمانبەرو نە خراپی دۆخیان و نە قەوارەی هەرێمیش بەهایەكی ئەوتۆی نییە، ئەم ئیش دۆزینەوەیە بۆ بانكی ئەهلی لەبری مویەك هەزاران گوریسی تێدایە."

باسی له‌وه‌شكردوه‌: "لەدوێنێوە حكومەتی هەرێم ئەوەندە دڵخۆشەو شاگەشكەبوە بەو نوسراوەی دادگای فیدڕاڵی پێشوازی خۆیان بۆ نوسراوەكە راگەیاند، لە كاتێكدا نوسراوە تازەكەی دادگا دەڵێت (پێویستە تەوتینی موچە لە بانکی حکومی بن) کە ئەمەیان دوبارەکردنەوەی بڕیاری پێشوی دادگایە."

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتوشیەتی"بەڵام ئەوەی تازەیە دەڵێت (تەوتین ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە بەگوێرەی نوسراوی ژمارە 6944/4/9 لە بەرواری 2024/6/6 کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقیەوە مۆڵەتپێدراون و لە کوردستان لقیان هەیە و ناویان هاتوە بەگوێرەی نوسراوەکەی بانکی ناوەندی هەرەوها فەرمانبەرانیش ئازادن لە هەڵبژاردنی بانکەکان هاوشێوەی فەرمامبەرانی عێراق)." 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی رێكخه‌ری ژوری یاسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئەو نوسراوەی دادگا گۆڕانکارییەکی ریشەیی و جەوهەرییە لە تێڕوانینی بریاری دادگا بۆ پرسی تەوتین، چونکە بانکەکانی هەژماری من لەگەڵ ئەوەی بانکی ئەهلین بەڵام مۆڵەتدراون لەلایەن بانکی مەرکەزییەوە  جا نازانین ئەم پرسە چۆن یەكلادەبێتەوە، كە تا ئێستاش حكومەتی هەرێم ئامادەی تەوتین نین لە بانكی حكومی.

وتوشیەتی"لەكۆتاییدا با ئەوەمان پێنەڵێن ئێوەش لەم حكومەتەدان، بەڵێ بزوتنەوەی گۆڕانیش بەشدارە لەم كابینەیەدا ڕەخنەو گلەیی خەڵك لەشوێنی خۆیدایە بۆ ئەو كەسانەی لەخەمی خەڵك و موچەخۆراندا نین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×