رێكخراوێكی‌ ژینگه‌یی: یەکێک لەهۆکارەکانی کەمبونەوەی سەوزایی بۆردومانه‌ بەردەوامەکانی تورکیاو ئێرانە
  2024-07-06       245       
"به‌هۆی‌ بۆردومانه‌كانی‌ توركیاوه‌ نزیکەی 20هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی‌و دارستان لەگونده‌كانی‌ قەزای ئامێدی سوتاون"


ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستی ژینگە ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ له‌ساڵی پەنجاکانی سەدەی ڕابردودا هەرێمی کوردستان خاوەن پێنج ملیۆن دۆنم دارستان‌و پاوان بووە، بەڵام ساڵی 2000 ڕێژەکە کەمبۆته‌وه‌ بۆ نیوه‌. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ یەکێک لەهۆکارەکانی کەمبونەوەی سەوزایی بۆردومانه‌ بەردەوامەکانی تورکیاو ئێرانە.

ئاوێنه‌: ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە کە لەسەر ئاستی عێراق کار لەسەر ژینگەدا دەکات لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، له‌ساڵی پەنجاکانی سەدەی ڕابردو هەرێمی کوردستان خاوەن پێنج ملیۆن دۆنم دارستان و پاوە بووە، بەڵام ساڵی 2000 ڕێژەکە کەمبووەتەوە بۆ دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆنم پاوان‌و دارستان و هۆکاری لەناوچونیان بەهۆکاری جیاواز بووە.

مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت، "بەداخەوە یەکێک لەهۆکارەکانی کەمبونەوەی سەوزایی لەهەرێمی کوردستان، بەهۆی تۆپبارانە بەردەوامەکانی تورکیاو کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیە کە بەردەوام ناوچە سنورییەکان دەکەنە ئامانج، چونکە زۆرترین ئەو ڕێژە سەوزایانە لەو ناوچانە لەناوچون."

وتیشی، "زۆرجاریش بووە ئاگر لەوڵاتانی دراوسێ دروستبووەو پەڕیوەتەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بۆیە دەڵێم هەر ناوچەیەک دۆخی سیاسی نا سەقامگیربوو کێشەی سیاسی تێدا بوو، ئەوە بەدڵنیایەوە سروشتەکەی زیانی بەردەکەوێت، بەتایبەتیش لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی بونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و بونی پەکەکە وایکردووە ناوچە سنورییەکان زیانی زۆریان بەربکەوێت."

لەسه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ڕابردوه‌وه‌ سوپای تورکیا له‌شكركێشی‌ زیاتری‌ بۆ ناوخاکی هەرێمی کوردستان ده‌ستپێكردووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا ئاگری لەچەندین دارستان و ڕەزو باخ بەرداوە لەناوچە سنورییەکانی قەزای ئامێدی بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی هێزەکانی.

کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لەڕێکخراوی CPT ئەمەریکیی بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه‌، "لە15ی 6ی 2024وە سوپای تورکیا بۆردومانەکانی بۆ سەر گوندەکانی (گوهەرزێ، بلاڤێ، بەرچێ، سەرگەلێ، کانێ، ئاشێ دێرێ) لەقەزای ئامێدی چڕکردۆتەوەو بەهۆیەوە نزیکەی 20هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستان لەو ناوچەیەدا سوتاون، هەروەها لەبەرەبەیانی ڕۆژی 4ی 7ی 2024یشەوە، شەڕو پێکدادانی قورس لەناو گوندی سەرگەلێدا بەڕێوەدەچێت و 55%ی زەوی کشتوکاڵی و دارستان و زەوی و زاری ناو گوندەکە بەتەواوی سوتاون."

ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو، "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تا 1ی 7ی 2024، سوپای تورکیا هەزارو 76 جار هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، ئەمە لەکاتێکدا بەدرێژایی ساڵی ڕابردو سوپای تورکیا یەک هەزارو 548 جار بۆردومان و هێرشی بۆسەر کوردستان ئەنجامداوە."

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوکەی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستی ژینگەدا هاتووە، لەماوەی 20 ساڵی ڕابردودا لە 50%ی دارستان و پاوانی هەرێم ڕوبەڕوی سوتان و لەناوچون بونەتەوە کە 97%ی دارستانەکانی عێراق لەهەرێمی کوردستاندایەو نزیکەی 87%ی سەوزایەکان داری خۆڕسکن و دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆک، چونکە دهۆک یەکەمە لەدارستانەکانەکان و هۆکاری سەرەکی نەمان و فەوتانی دارستانەکان باشوری کوردستان 100% بەدەستی مرۆڤ کراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×