بەرەی توركمانی: تەقینەوەكەی ئەمڕۆی كەركوك بەرپرسی "ماڵی توركمانی" كردۆتە ئامانج
  2024-10-05       663       

بەرەی توركمانی عێراقی رایگەیاند، تەقینەوەكەی ئەمڕۆی كەركوك بەرپرسی ماڵی توركمانی كردۆتە ئامانج كە لە تەقینەوەكەدا بەسەختی برینداربوەو داواش دەكات ئەنجامدەرانی تەقینەوەكە روبەڕوی یاسا بكرێنەوەو سزای خۆیان وەربگرن.

ئاوێنە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، تەقینەوەیەک لە گەڕەکی موسەڵای کەرکوک لە بەردەم نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو رویداو تەندروستی كەركوك رایگەیاند، لە تەقینەوەكەدا پێنج كەس برینداربون.

بەرەی توركمانی عێراقی لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە تەقینەوەكەدا سایغن هاجەر ئۆغلۆ، بەرپرسی ماڵی توركمانی كراوەتەوە ئامانج كە لە تەقینەوەكەدا بەسەختی برینداربوە و هەروەها چەند هاوڵاتییەكی دیكەش برینداربون.

بەرەی توركمانی تەقینەوەكەی بە "تیرۆریستی" ناوبردوەو رایگەیاند، تەقینەوەكە هەوڵێكی شكستخواردوە بۆ دروستكردنی پشێوی لەنێو پێكهاتەكانی پارێزگای كەركوك.

بەرەی توركمانی عێراق داوای لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كردوە هەمو رێوشوێنە پێویستەكان بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری كەركوك و كاربكرێت بۆئەوەی ئەنجامدەرانی تەقینەوە رادەستی یاسا بكرێن و سزای خۆیان وەربگرن.

هەروەها داواشی لە حكومەتی عێراق كردوە ئاسایشی شاری كەركوك بەهیز بكات و پارێزگاری لە كەسایەتییە گشتییەكان و هاوڵاتیان بكات لەبەرامبەر هەڕەشەی "تیرۆر و توندڕەویدا."

بەرەی توركمانی عێراقی داواشی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و لایەنەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كردوە ریزەكانیان یەكبخەن بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییە ئەمنییەكان و وەستانەوە لەدژی هەر هەوڵێك بۆ كردە ئامانجی یەكڕیزی و ئاسایش و سەقامگیری شاری كەركوك.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×