كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێكی باران هەرێمی كوردستان بگرێتەوە بە تایبەت سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و سۆران و لەناوچە شاخاوییە بەرزەكانیش بەفر ببارێت و بەرەبەیانی سبەینێ شەممەش شەپۆلەكە كۆتایی بێت.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان بە گشتی هەور دەبێت، لە پاشنیوەڕۆوە نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، لەکاتەکانى ئێوارە و شەودا ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت بەتایبەت لەسنورى پاریزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و راپەڕین، هەروەها پێشبینی بارینی بەفر دەکرێت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنورییەکان.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە بەرەبەیانی سبەی شەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت.
كەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەمڕۆ پلەكانی گەرما نزیك دەبن لە تۆماركراوەكانی دوێنێ.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی شەممە، ئاسمان هەوری تەواو بۆ نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ دروستبونی تەمێکی سوک لە کاتەکانی بەیانی زودا لە هەندێک ناوچە، هەروەها لە کاتەکانی بەیانی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم ئەگەری بارینی کەمێک نمە باران هەیە.
بەپێی راگەیەندراوەكەی كەشناسی، سبەی پلەكانی گەرما 2 تا 3 پلە بەرزتر دەبن لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.
كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 12، سلێمانی: 11، دھۆک: 14، کەرکوک: 13، ھەڵەبجە: 11، زاخۆ: 15، حاجی ئۆمەران: 2، سۆران: 9، گەرمیان: 15 پلە.