دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران یان مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆبێتەوە. دەشڵێت، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ناتوانێت رایانبكێشێتە نێو شەڕ لەدژی ئێران ئەگەر خۆیان ویستیان لەسەری نەبێت.
ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری "تایم"، كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا ئامادەن لە چوارچێوەی دانوستانەكاندا لەگەڵ ئێران، لەگەڵ خامنەیی یان پزیشكیان كۆببنەوە، وتویەتی، بەدڵنیاییەوە.
لەوەڵامی ئەوەشدا كە دەوترێت، ئەمریكا رێگری لە هێرشی ئیسرائیل كردوە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، ترەمپ وتویەتی، ئەوە راست نییە. من رێگریم لێ نەكردون، بەڵام رێگەشم بۆ خۆش نەكردون. چونكە پێموایە لەگەڵ ئێرانییە دەتوانین بگەینە رێككەوتنێك بە بێ ئەنجامدانی هێرش. هیوادارین بتوانین ئەمە بكەین. بژاردەی هێرشكردنە سەر ئێران بۆ ئیسرائیلییەكان خۆیان دەهێڵمەوە. بەڵام من وتومە گەیشتن بە رێككەوتن بە باشتر دەزانم تاوەكو بۆردومان كردن.
ترەمپ لەوەڵامی ئەوەدا كە ئایا نیگەرانن لەوەی نەتەنیاهۆ رایانبكێشێتە نێو شەڕی ئێران، وتویەتی، نەخێر. رەنگە نەتەنیاهۆ شەڕ بكات بەڵام ئێمە ناچینە ناوی.
ئایا ئەوە بەواتای ئەوەیە كە ئەمریكا لە دەرەوەی یارییەكە دەمێنێتەوە ئەگەر ئیسرائیل دەستوەردان بكات؟ ترەمپ وتویەتی"مەبەستم ئەوە نەبو. تۆ پرسیت دەتوانێت رامانكێشێتەوە ناو شەڕەوە، وەك ئەوەی بەبێ ویستی خۆم بچمە نێو شەڕەوە. نەخێر ناچم. بەڵام ئەگەر نەگەینە رێككەوتن بەخۆبەخشی دەچمە نێو شەڕەكەوەو پێشەنگی گروپەكەش دەبم."