نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وەفدێكی عێراق گەیشتنە دیمەشق بۆ دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا. ئامانجی دیدارەكەیان تاوتوێكردنی، دژایەتی تیرۆر، ئاسایشی سنوری نێوان هەردو وڵات و هەروەها بە گەڕخستنەوەی بۆری هەناردەی نەوتی عێراقە لەڕێگەی خاكی سوریاوە.
ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لەسەر بڕیاری محەمەد شیاع سودانی، وەفدێكی رەسمی حكومەتی عێراق، بە سەرۆكایەتی حەمید شەتری، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، گەیشتنە دیمەشق بۆ دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سوریا.
وەفدەكە، نوێنەری فەرماندەیی هێزەكانی سنور لە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتەكانی نەوت و بازرگانی و هەروەها دەستەی دەروازە سنورییەكان لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، وەفدەكە لەگەڵ لایەنی سوری تاوتوێی هاریكاری لەبواری دژایەتی تیرۆر، بەهێزكردنی ئاسایشی سنوری هاوبەش، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەروەها تاوتوێی بەگەڕخستنەوەی بۆری نەوتی عێراقی بۆ هەناردەی نەوت لەڕێگەی خاكی سوریاوە بۆ بەندەرەكانی دەریای ناوەڕاست دەكەن.
نوسینگەی سودانی وتوشیەتی، لە كۆبونەوەكاندا وەفدە عێراقییەكە جەخت لە پشتیوانی و پەرۆشی عێراق دەكاتەوە بۆ یەكپارچەیی و سەروەیی خاكی سوریا و گرنگی سەقامگیری سوریا بۆ ئاسایشی عێراق و ناوچەكە.