نامەیەک لە"دۆناڵد ترامپ"ەوە بۆ "بافڵ تاڵەبانی"
  2025-04-24       8574       
دۆناڵد ترامپ - بافڵ تاڵەبانی

سەردار محەمەد

 

بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

سڵاوێکی گەرم‌

لەدوو رؤژی رابردوودا بەوردی چاودێری دووهەمین دیداری یەکێتیم کرد لەسلێمانی‌و وتە بەنرخەکانی بەڕێزتان‌و وتار خوێندنەوەکەی جەعفەر شیخ مستەفا بۆ من زۆر جێی بایەخ‌و سەرنجڕاکێش بوون.

لەوەش گرنگتر، چەپڵەڕێزان‌و جۆش‌و خرۆشی بەردەوامی حەشاماتی هۆڵەکە بوو بەدوای لێدوانە بەنرخەکانی بەڕیزتاندا، بەتایبەتی ئەو ساتەوەختەی کە وتت: ستایلەکەم لەستایلی "مستەر ترامپ" دەچێ‌و ئێستا لەدنیادا باوی ستایلی ئێمەومانانە.

ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم، لەکاتێکدا کە لەسەرانسەری جیهاندا، ژمارەیەکی زۆر کەم بەهیوایەوە سەیری سەرکەوتنەکانم دەکەن، بەڕێزتان وەک سەرۆکێکی ئایدیاڵ لە"من" دەڕوانیت.

من خۆشحاڵم هاوشێوەیەکم لەهەرێمی کوردستان هەبێت، کە هەستدەکەم ئەو "ئەمەریکا پەرستییە"ی لەکوردستان هەیە، نمونەی لەدنیادا دەگمەنە.

لەکاتێکدا لەزۆربەی وڵاتان، کەسایەتییە دیارەکان نایانەوێ بەنهێنیش قەرەی باڵوێزخانەکانمان بکەون‌‌‌، کەچی لەو کوردستانە دەبینم سەرکردەکان، سیاسەتمەداران، رۆشنبیران، ئەکادیمییەکان، رۆژنامەنووسان‌و هەرچی کەسە، یەکێک لەپۆزو دڵخۆشیی‌و شانازییەکانیان ئەوەیە بچن بۆ کونسوڵخانەکەمان لەهەولێرو فۆتۆیەک لەگەڵ کونسولەکەمان بگرن‌و لەسۆشیال میدیا بڵاویبکەنەوە.

خۆشحاڵیشم، کە بەڕێزتان لەم چەند ساڵەی دواییدا حزبەکەتان بەتەواویی لەڕێبازی سۆشیال دیموکرات دوورخستەوەو بەگەرمی پێشوازیتان لەعەبدولەتیفی سەلەفی‌و مەلا هەڵۆ کرد‌، ئەو رۆژەش قوباد تاڵەبانی براتم بینی نوێژی عەسرو ئێوارەی لەپشت مەلا مەزهەرەوە کرد، ئەمانە هەنگاوی گرنگن لەسەرخستنی رێبازی ترامپیزمدا.

لەوەش گرنگتر بۆ سەرخستنی ئەم رێبازە، بایەخی بێوێنەتانە بەکەرتی تایبەت‌و ئابوری بازاڕ، با چەپەکان هەر بۆخۆیان بڵێن کە هاوپەیمانی نێوان (هێز‌و سەرمایە)، فاشیزم دروست دەکات. ئێوەو برادەرانی پارتی‌و بارزانی باشتان کرد، کە هەموو سامانی سەرزەوی‌و ژێر زەوی‌و ئاسمانی وڵاتەکەتان خستە خزمەتی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە، چونکە بەئەزمون بۆتان دەرکەوت کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک قەیوان‌و کارو نۆکان‌و ستێرو دەستکردەکانیان، چەند بەنرخن، کە گەورەترین پاڵپشتن‌و خزمەت بەمانەوەتان دەکەن لەدەسەڵاتدا.

هەر لەڕیگەی ئەم نامەیەشەوە داواکارم بەیەکجاریی واز لەباسی "خانووە قوڕەکان" بهێنن، کە ئیتر باسکردنی دەچێتە خانەی "نوکتە"وەو پاگەندەی کارکردن بۆ دەوڵەتی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی‌و ئازادی‌و یەکسانیم بیردەخاتەوە‌و پەست دەبم.

ئێوە چاک دەزانن دەمێکە شوێنی "خانووە قوڕەکان"ی جارانتان، هەمووی کرا بەڤێلاو شوقەی گرانبەهاو خەڵکی شار بەم بەهارە لەبری بینینی دیمەنی دڵڕفێنی گوڵی ڕەنگین‌و دەشت‌و کێوی شین‌و پاراوی گۆیژە، تەنها عەرشی باڵەخانە بەرزەکانیان لێدیارە.

تکایە لەمەودوا هەوڵبدە هەموو شتێک لەبەشی "ڕاست"ی مێشکتدا پۆلێن بکەیت، کە مەرجێکی سەرەکی رێبازەکەی ترامپە.

هەڤاڵی خۆشەویست، سەرەڕای جیاوازیی نێوان هەرێمی کوردستانی بچوک‌و ئەمریکای گەورەش، دەشێت شێوازی دەسەڵاتداریی بەڕیزتان وانەی تایبەت لەخۆبگرێت کە لێوەی فێربین.

وەک چۆن لە"ڤیکتۆر ئۆربان"ەوە فێربووم کە بە"ترامپی هەنگاریا" ناودەبرێت، یاخود لە"ئەندرێ بابیس"ەوە زۆر وانە فێر بووم کە بە"ترامپی چیک" ناودەبرێت، گرنگترین وانەشیان ئەوەبوو: ئەگەر دەتەوێت وڵات کۆنتڕۆڵ بکەیت، سەرەتا دەبێت بەتەواوی کۆنتڕۆڵی حزبەکەی خۆت بکەیت.

ئۆربان‌و بابیس، وا مامەڵەیان لەگەڵ پارتەکانیان کرد‌ وەک ئەوەی موڵکی تایبەتی خۆیان‌و خێزانەکانیان  بێت، رادەربڕین‌و مشتومڕەکانی ناو حزبەکانیان قەدەغە کردو هەر کەسێکیش سەرپێچی لەم رێسایە کرد ناردیانەوە "لۆ مارێ"!

هەنگاوێکی دیکەشیان: بووکەکانیان، زاواکانیان، براکانیان‌و کەسوکاریان خستە پۆستی گەورەوەو بزنسێکی سیاسی خێزانییان دروستکرد، ئەمەیە ترامپیزم.

هەڤاڵی هێژا، دڵنیام ئەم هەنگاوانە بۆ ئێوە زۆر ئاسانترە، چونکە ئەوەی لەناو حزبەکانی کوردستان دەگوزەرێت لەبزنسی خێزانی زۆر واوەترەو بە"فیۆدالیزمی مۆدێرن" ناودەبرێت، زۆرێک لەو هەرێمەدا تامەزرۆی فیۆدالیزمن‌و چەندین نوسەرو رۆژنامەنووس‌و ئەکادیمی بوون بەتەلارسازی تەوریسی سیاسی‌و بەشان‌ باڵتاندا هەڵئەدەن‌و بانگەشەتان بۆ دەکەن.

ئا بیرم کەوتەوە، دەستخۆشییەکی تایبەتی ئەوەشت لێدەکەم کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا حەشاماتت بەمەسەلەی تەوتینەوە وا سەرگەرم کرد‌و لەکاتی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتیشدا، وەک مایکەکان، تەوتینت دایە بەر نوکەشەق، ئافەرین ئەمەیە روحی ترامپیزم.

لەکۆتاییدا ستایشی هەوڵەکانتان‌و ناوبانگەکەکەتان‌و هیوایەتی "تەقەکردن‌و نیشان شکاندن"ەکانت لێدەکەم، کە "پیاوێکی بەهێز"و "سەرکردەیەکی ڕاستەقینە"ی کوردستانن.

سڵاویشم بگەیەنە بەفەرمانی لەفەو دانای چنارۆک‌و هاوشێوەکانیان کە وەک ترامپ بیردەکەنەوەو لەستایشکردنی دەوڵەمەندو گاڵتەکردن بەخەڵکی لات‌و هەژاردا، درێغی ناکەن‌و کارامەو لێزانن.

ئیتر بۆ پێشەوە، بەرەو زاڵکردنی رێبازی ترامپیزم لەکوردستاندا.

دڵسۆزتان  

دۆناڵد ترامپ

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

کۆشکی سپی – ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×