ترەمپ بۆ پوتین: بوەستە
  2025-04-24       922       

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بۆردومانەكانی روسیا بۆ سەر كیێڤ، پێویست نین و لە كاتێكی زۆر خراپدا ئەنجام دەدرێن.

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی "تروس سۆشیاڵ" نوسیویەتی، دڵخۆش نیم بە بۆردومانەكانی روسیا بۆ سەر كیێڤ. بۆردومانەكان پێویست نین و كاتەكەیان زۆر خراپە، پوتین بوەستە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشداوە، هەفتانەی پێنج هەزار سەرباز لە شەڕی ئۆكرانیادا دەكوژرێن، با رێككەوتنی ئاشتی ئەنجام بدەین.

ئەو پەیامەی ترەمپ بۆ پوتین، چەند كاتژمێرێك دوای ئەوە دێت كە هەر خۆی رەخنەی توندی لە زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا گرت.

ترەمپ دوێنێ لە پەیامێكدا وتی، زێلێنسكی دەتوانێت ئاشتی بەدەسبهێنێت یاخود بۆ ماوەی سێ ساڵی دیكە شەڕ بكات و تەواوی وڵاتەكە لەدەست بدات.

جەختیشی كردەوە كە زێلێنسكی هیچ كارتێكی نییە یاری پێبكات.

ئەو قسانەی ترەمپ لەكاتێكدان كە شەڕی روسیاو ئۆكرانیا بەردەوامەو روسیا بەشێوەی رۆژانە بۆردومانی كیێڤی پایتەخت و ناوچەكانی دیكەی ئۆكرانیا دەكات، ئەوانەش ئاماژەن بۆ ئەوەی كە هیچ كۆتاییەك بۆ شەڕەكە لە ئاسۆدا دیار نییە وەك ئەوەی ترەمپ خوازیارییەتی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×