له‌ئایینی ئیسلامدا ته‌نها به‌زارهاتنی وشەی تەڵاق پەیوه‌ندی ژن‌و مێرد له‌حه‌ڵاڵه‌وه ده‌كات به‌حه‌رام
ئا: هێڤی ئاوات
له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردەواریدا "ته‌ڵاق" مه‌سه‌له‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ستیاره‌و زۆرجار وه‌ك فشاریش له‌لایه‌ن پیاوه‌وه بۆ سه‌ر ژن به‌كارده‌هێنرێت، به‌زاردا هاتنی ته‌ڵاق له‌چركه‌ساتێكی تووڕه‌یدا ده‌بێته هۆی دروستكردنی كێشه‌ی خێزانی‌و زۆرجاریش پیاوان به‌دوای پینه‌كردنی ئه‌و ته‌ڵاقدانه‌دان كه به‌زاریاندا هاتووه، سەرۆکی لیژنه‌ی فەتوا لەسلێمانی ده‌ڵێت "زۆرجار لەدانیشتنماندا له‌بیست كێشه، پانزه بۆ حەڤدەیان تەرخانە بۆ چاككردنه‌وه‌ی ته‌ڵاق".
لاڤەی ته‌مه‌ن ٣١ ساڵ ماوه‌ی پێنج ساڵه ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌و خاوه‌نی دوو منداڵە، ئه‌م ژنه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی رۆژێكی گه‌رمی هاوینی ساڵی پار به‌شه‌ڕدێت، له‌سه‌ر ماڵی خه‌زوری، هاوسه‌ره‌كه‌ی پێیده‌ڵێت: ده‌بێت بچیت بۆ ماڵی باوكم. ئه‌میش ده‌ڵێت: ناچم. هاوسه‌ره‌كه‌ی زۆر توره ده‌بێت‌و ده‌ڵێت: ته‌ڵاقم سێ به‌سێ كه‌وتبێت ده‌بێت تا ئێواره دێمەوە رۆشتبێتیت بۆ ماڵی باوكم.
لاڤە بەئاوێنەی وت "من لەقینا نه‌ڕۆشتم‌و كه ئێواره هاته‌وه هه‌ر له‌ماڵ بووم، بۆیه له‌و رۆژه‌وه كه شەش مانگە، من‌و ئه‌و هاوسه‌ره‌م وه‌ك دوو كه‌سی نه‌ناسراو له‌م ماڵه‌دا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین، ئێستا له‌ژیانێكی زۆر ناخۆشدا رۆژگاری ژیانم به‌ڕێ ده‌كه‌م، دوای ئەوەی كه سوێنده‌كه‌ی خوارد جارێك چوینه لای مه‌لایه‌ك له‌هه‌ولێر، وتی بەو سوێندە نه‌كه‌وتووه، به‌ڵام من ناتوانم بروا بكه‌م".
ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌ر ته‌نها ناخۆشی‌و ئازارێكی ده‌رونی بۆ ژنان به‌دیناهێنێت، به‌ڵكو زیاتر له‌وان ئه‌و پیاوانه‌ی كه سوێندی وایان به‌سه‌ر زاردا هاتووه، ئازار‌و په‌شیمانی ده‌كێشن.
جەمالی ته‌مه‌ن ٤٣ ساڵ، كه ماوه‌ی ده ساڵه ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه، جارێك له‌گه‌ڵ هاوسەرەکەی ده‌بێت به‌ناخۆشییان‌و سوێندی ته‌ڵاق به‌ده‌میدا دێت‌و ده‌ڵێت: ئیتر ناچمە ماڵی باوكی. ئه‌و بەئاوێنەی وت "زۆر توره بووم، ماوه‌ی سێ ساڵ نه‌رۆشتمه ماڵی باوكم، به‌ڵام به‌راستی دوایی زۆر په‌شێمان بوومه‌وه به‌ڵام تازه قسه‌كه‌م كردبوو، بۆیه دوای ئه‌وه هه‌وڵی زۆرمداو چوومه لای مامۆستایه‌كی ئایینی‌و چاكم كرده‌وه، ئه‌و وتی ته‌نها یه‌ك ته‌ڵاقت كه‌وتووه ئه‌توانی چاكی بكه‌یته‌وه".
مه‌سه‌له‌ی ته‌ڵاق كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رچاوث بۆ هه‌موو ئه‌و خێزان‌و پیاوانەی كه وشه‌ی ته‌ڵاقیان به‌زاردا هاتووه‌و بەدوای چاککردنەوەیدا دەگەڕێن.
توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، کامەران بەهادین، به‌كارهێنانی وشه‌ی ته‌ڵاقی له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پابه‌نده به‌ئاینی ئیسلامه‌وه، هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پیاوسالاره‌و ئاستی رۆشنبیری كۆمه‌ڵایه‌تی تا راده‌یه‌ك نزمه، ئه‌و بەئاوێنەی وت "ده‌كرێت ئه‌م وشه‌یه لای ئه‌وانه‌ش به‌كاربێت خاوه‌ن پله‌ی به‌رزی خوێنده‌وارین یان زۆرینه‌یان خوێنده‌وارن، به‌ڵام خاوه‌ن رۆشنبیری كۆمه‌ڵایه‌تی نین".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ئه‌م وشه‌یه زۆرجار پیاوان وه‌ك چه‌كێك به‌رامبه‌ر به‌خێزانه‌كه‌یان به‌كاریده‌هێنن تاكو نه‌توانێت هیچ قسه‌یه‌ك بكات ئه‌مه‌ش به‌مانای نه‌مانی زمانی گفتوگۆیه له‌نێوان ژن‌و مێرده‌كان، ئەو وتی "ئه‌و كاته پیاوه‌كه په‌نا ده‌باته به‌ر به‌كارهێنانی ئه‌و وشه‌یه ئه‌مه‌ش واده‌كات ئه‌و ژنه ئه‌و پیاوه به‌بێزراو سه‌یر بكات، چونكه ده‌گاته ئه‌و بروایه‌ی ئه‌و شته‌ی كه پێیده‌ڵێن حه‌ڵاڵ له‌نێوانیان نه‌ماوه‌و بۆیه دواجار ئه‌و خێزانه توشی داڕمان ده‌بێت لێره‌دا كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر گه‌وره دروستده‌بێ".
وتیشی "ژیانی کۆمەڵایەتی گۆڕانکاریی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە، مەرج نییە تەڵاقدان هەمیشە خراپ‌و نەگونجاو بێت، هەرچەندە حاڵەتێکی ناخۆشە بۆ هەموو ژن‌و پیاوێک کە پیایدا تێدەپەڕن، بەڵام ئەگەر ژن‌و مێردێک کە بەیەکەوە نەگونجێن‌و ژیانیان لەیەکتر کردبێت بەدۆزەخ، تەڵاق‌و جیابوونەوە باشترین بژاردەو گونجاوترین رێگەیە".
مه‌سه‌له‌ی ته‌ڵاق لەژیانی کۆمەڵاتیدا لەکوردستان به‌پله‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی به‌ئایینه‌وه هه‌یه، له‌ئایینی ئیسلامدا ته‌نها به‌زارهاتنی ئه‌م وشه‌یه په‌یوه‌ندی ژن‌و مێرد له‌حه‌ڵاڵه‌وه ده‌كات به‌حه‌رام‌و رێگه پێنه‌دراو له‌لایه‌ن شه‌رع‌و یاسای ئیسلامه‌وه، هه‌ربۆیه ئه‌وانه‌ی تووشی ئه‌و كێشه‌یه ده‌بن له‌ساته‌وه‌ختی توره‌بوون‌و هه‌ڵچوونیاندا، دواتر به‌دوای مامۆستایه‌كی ئایینی‌دا ده‌گه‌ڕێن تا ته‌ڵاقه‌كه‌یان بۆ چاك بكاته‌وه.
سەرۆکی لیژنه‌ی باڵای فەتوای یه‌كێتی زانایانی ئیسلام لەسلێمانی، د.محه‌مه‌د پێنجوێنی به‌ئاوێنه‌ی رایگه‌یاند كه لیژنەی فەتوا هەفتەی دوو رۆژ دادەنیشێت، سێسەممان بۆ ناو شاری سلێمانی‌و چوارشەممانیش بۆ هەموو پارێزگاکەیە، له‌مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاری سلێمانی دائه‌نیشن به‌مه‌به‌ستی فتوادان له‌سه‌ر كێشه‌كان‌و مه‌سه‌له ئاینیه گرنگه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌چنه لایان هه‌ر له بواری بازرگانییه‌وه بگره تا كێشه خێزانیه‌كان.
سه‌باره‌ت به‌جۆری پرسیار‌و كێشه‌ی ئه‌وانه‌ی دێنه لایان، پێنجوێنی وتی "زۆرجار لە بیست كه‌س كه دێنه لامان پانزەیان بۆ مه‌سه‌له‌ی چاككردنه‌وه‌ی ته‌ڵاقه، په‌شیمانن‌و ده‌یانه‌وێت چاكی بكه‌نه‌وه".
وتیشی "ئەوە لەدابی کۆمەڵایەتئیدایە ناومان ناوە چاککردنەوەی ته‌ڵاق، شەرعی ئیسلامی کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتوەتەبەر بۆ ئەم مەسەلەیە، لەفیقهی ئیسلامی‌دا تەڵاق بریتییە لەهەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەست‌و پەیوەندییە هاوسەرگیرییەی لەنێوان ژن‌و مێردێکدا دەبسترێت، دوایین چارەسەری نێوان کێشەی ژن‌و مێردێکە، دوو شێوە تەڵاق هەیە، یەکێکیان پیاوەکە ئەنجامی دەدات، ئەگەر ژنەکە لەگەڵی نەگونجا بابەتی جیابوونەوە دەورژێنێت لەدادگا، شێوەی دووەمیشیان ئەوەیە ئەگەر پیاوەکە خراپ بوو، ئافرەتەکە گیری خوارد بەدەستی پیاوەکەوە، موخالەعە بەکاردەهێنێت بۆ جیابوونەوەو لەمارەییەکەی خۆش دەبێت‌و تەڵاق وەردەگرێت".
پێنجوێنی باس لەوەش دەکات کە بۆ چاککردنەوەی تەڵاق دەبێت بزانرێت ئەو وشەو دەستەواژەیەی بەکاریهێناوە تەڵاقی پێدەکەوێت یان نا، ئەو وشە کوردییەی بەکاریهێناوە لەکوێی رستەیەکی عەرەبیدا جێگەی دەبێتەوە، یاخود پیاوەکە کە قسەکەی بەزاردا هاتووە لەڕووی دەرونییەوە ئەوکاتە تەواو بووە یان نا، ئایا ژنەکە قبوڵی کردووە یان نا، ئەو وتی "ئەمە کۆمەڵێک وردەکارییە لەفقهی ئیسلامی‌دا سەیری ئەو دەستەواژانە دەکەن کە بەکاریهێناوە، ئەگەر ئەو دەستەواژانە بوون کە تەڵاقی پێدەکەوێت دەڵێن تەڵاقی کەوتووە یاخود بەپێچەوانەوە، ئەوەیە چاککردنەوەکە. لەشەریعەتی ئیسلامی‌دا پیاو بۆی هەیە تا سێ جار ژنەکەی تەڵاق بدات، واتە لەژنەکەی جیاببێتەوەو بچنەوە لای یەکترو ببنەوە بەهاوسەر، لەسێهه‌مجارداده‌بێت ئه‌و ژنه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ پیاوێكی تر بكات‌و بۆ ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵی بژی دوای ئه‌وه بریار ئه‌دات بچێته‌وه لای هاوسه‌ری پێشوی یان نا".
وتیشی "پاش ئه‌وه‌ی كێشه‌ی ژن‌و مێرده‌كان به‌حه‌وت قۆناغدا تێده‌په‌ڕێت به‌پێی ئاینی ئیسلام ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرا ئه‌و كاته قازی كێشه‌كه یه‌كلای‌ی ده‌كاته‌وه به‌ته‌ڵاق، ئه‌مه‌ش بێزراوترین حه‌ڵاڵه لای خوای گه‌وره".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات