له‌كوردستان رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ژنان‌و كچان بەتەنگ بەژن رێکی‌و تەندروستی خۆیانەوەن
ئا: هێڤی ئاوات
سه‌نته‌ره‌كانی "له‌شجوانی ژنان" ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه رۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ی ئه‌و كچان‌و ژنانه‌ی به‌مه‌به‌ستی دابه‌زینی كێش‌و به‌ژن رێكی روویان تێده‌كه‌ن له‌زیادبووندان، راهێنەرو به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌رێکی له‌شجوانی دەڵێت "وه‌رزشكردن به‌شێكی گرنگی ژیانی دونیای ئه‌مڕۆمان پێكده‌هێنێت‌و کچان‌و ژنانی کوردستانیش بەتەنگ بەژن رێکی‌و تەندروستی خۆیانەوەن".
بەیان، كه ژنێکی ته‌مه‌ن ٣٥ ساڵه، داد‌و بێدادییه‌تی له‌ده‌ست قه‌ڵه‌وییه‌كه‌ی، ئه‌و زۆرجار ئه‌و كاتانه‌ی كه حه‌زی له‌جلێكه‌و بۆی نابێت پڕ به‌دڵ گله‌یی له‌به‌ختی خۆی ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه زۆر ماندوو ده‌بێت له‌هه‌ڵبژاردنی جلوبه‌رگ‌و كڕینیدا، چونكه قه‌ڵه‌وه‌و زۆرجار قیاسی ئه‌میان نییه، ئە‌و وتی "له‌داخی ئه‌وه سه‌رم كردووه‌ته وه‌رزش‌و ره‌شاقه كردن، ده‌مه‌وێ كێشم دابه‌زێنم".
وتیشی "ئێستا هەفتانە پێنج رۆژ دەچم بۆ هۆڵی لەشجوانی‌و دڵخۆشم کە کە چەند کیلۆیەک کێشم کەمی کردووە".
ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی بەرچاو لەکچان‌و ژنانی هەرێمی کوردستان بایەخێکی بەرچاو به‌جوانی له‌شولاریان ئه‌ده‌ن‌و به‌شێكیشیان به‌یه‌كێك له‌پێویستییه‌كانی ژیانی سەردەمی دەزانن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه وه‌رزشكردن له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه به‌لایانه‌وه گرنگه.
سێوەی تەمەن ٢٢ ساڵ كه ماوه‌ی ساڵێكه خه‌ریكی وەرزشی لەشجوانییە، ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌و وه‌ك چاولێكه‌ریی‌و لاسایكردنه‌وه‌ی كچانی تر ئه‌مه ئه‌نجام نادات، بەڵکو بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌و نه‌بێت‌و ته‌ندروستی تێكنه‌چێت وەرزش دەکات، ئە‌و وتی "ئه‌مه خه‌می یه‌كه‌می منه لهوەرزشکردنمدا".
خەمە‌كه‌ی شنۆ، خه‌می زۆربەی كچان‌و ژنانی كوردستانه، كه به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵانی پێشوه‌وه، کرانەوە بەڕووی دنیا‌و پێشكه‌وتنه‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا‌و ئاسانكارییه‌كانی ژیان كاریگه‌رییه‌كی دیاری له‌سه‌ر جوڵه‌و كێشیان به‌جێهێشتووه‌و زۆربەیان حەز بەقەڵەویی ناکەن.
نازەنین، ژنێکی تەمەن ٥٣ ساڵەو هەفتەی ٤ رۆژ دەچێت بۆ هۆڵی لەشجوانی بۆ وەرزشکردن، ئە‌و وتی "سەرباری هەڵکشانی تەنمەنیشم، بەڵام پزیشک ئاگاداری کردومەتەوە، بۆ ئەوەی کێشم زیاتر نەبێ‌و رێژەی نەخۆشی شەکرە لەجەستەمدا بەرز نەبێتەوە، پێویستە بجوڵێم‌و وەرزش بکەم".
وتیشی "ماوەی ٥ ساڵە وەرزش دەکەم‌و گیانێکم بەم وەرزشکردنەیە، ئەگینا ئێستا لەپێ کەوتبووم".
ئێستا له‌شارەکانی کوردستان چه‌ندین هۆڵی لەشڤجوانی (ره‌شاقه)ی ژنان‌و ئافره‌تان هه‌ن، کە بەردەوام جمەیان دێت لەو ژنانەی بۆ بەدەستهێنانی تەندروستییەکی باش‌و بەژن‌و باڵایەکی رێک‌و جوان روویان تێدەکەن.
لەیلا سه‌لام، كه مامۆستای وه‌رزش‌و راهێنەرو به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌رێکی له‌شجوانی ژنانه لەسلیمانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له‌وه‌رزی هاویناندا ئافره‌تان زیاتر گرنگی به‌وه‌رزشكردن ده‌ده‌ن‌و بۆ سه‌لماندنی قسه‌كه‌شی، ئە‌و وتی "ساڵانە ئەوەی تێبینی دەکەین لەمانگی شەشەوە تا مانگی دە، زۆرترین ژن‌و کچ روومان تێدەکەن بۆ وەرزش کردن".
وتیسی "ئێستا له‌جیهاندا كچان گرنگی زۆر به‌بواری وه‌رزش ده‌ده‌ن‌و له‌كوردستانیشدا رێژه‌یه‌كی زۆر له‌كچان بەتەنگ بەژن رێکی خۆیانەوەن".
لەیلا پێیوایه كه وه‌رزشكردن به‌شێكی گرنگی ژیانی دونیای ئه‌مڕۆمان پێكده‌هێنێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه كه به به‌راورد به‌ساڵانی رابردوو رۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ی ئه‌و كچ‌و ژنانه‌ی به‌مه‌به‌ستی دابه‌زینی كێش‌و به‌ژن رێكی به‌گشتی روو له‌سه‌نته‌ره‌کانی له‌شجوانی ده‌که‌ن له‌زیادبووندان، ئە‌و وتی "وه‌رزشكردن جگه له‌وه‌ی توانای جه‌سته‌یی پێشده‌خات، بەژن رێکیی بووه به‌یه‌كێك له‌پێویستییه‌كانی كار‌و ژیان‌و بازاڕی ئه‌مڕۆش".
قه‌ڵه‌ویی، یه‌كێكه له‌و گرفتانه‌ی كه زۆربه‌ی ژنان ئێستا لێی بێزارن‌و بۆ راكردن لێی په‌نا ده‌به‌نه به‌ر سه‌نته‌ره‌كانی لەشجوانی‌و وه‌رزشكردن. پسپۆڕانی بواری ته‌ندروستیش هۆكاری ئه‌و دیارده‌یه، ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ جۆری خواردن‌و كه‌می وه‌رزشكردن.
د.نەژاد نوری، قه‌ڵه‌وی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ دوو هۆكاری سه‌ره‌كی كه ئه‌ویش جینه‌تیك‌و زۆر خواردنه، به‌تایبه‌تی ئه‌و جۆره خواردنانه‌ی كه رێژه‌ی چه‌ورییان زۆره، ئه‌و وتی "زۆرخۆریی به‌رده‌وام، خێراتركردنی لێدانی دڵ‌و فشاری خوێن‌و نه‌خۆشی شه‌كره‌ی به‌دواوه‌یه".
به‌بڕوای ئه‌و باشترین رێگه‌ش بۆ رزگاربوون له‌و ئافاته‌و چاره‌سه‌ركردنی، رێگه‌یه‌كه "وه‌رزشكردن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات