ئا: مەزهەر کەریم
ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، پرسێکی ئاڵۆزو چارەسەرنەکراوی نێوان حکومەتی بەغداو هەولێرە، کە ماوەی دوو ساڵ زیاترە راگیراوە، سەرۆکی لیژنەی پێشووی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "کەس نازانێت کەی نەوتی ھەرێم ھەناردە دەکرێتەوە".
ھەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق لەبارەی ھەناردەکرنەوە نەوتی ھەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە لەدوای چەندین کۆبوونەوەی نێوان عێراقو ھەرێم پرۆژە یاسایەک گەڵاڵە کرا تێچووی نەوت لەبودجەی عێراق دیاریکراو ئەمەش بوو پەپرۆژە یاسا، ئەو بەئاوێنەی وت "سەرەتای ئەمساڵ توانرا لەپەرلەمان قەناعەت بەکوتلە سیاسیەکان بکرێتو لەپەرلەمان دەنگی لەسەر دراو بەیاسایەک هەمواری بودجە کراو بڕار درا لیژنەیەک پێکبھێنرێت لەکۆمپانیایەکی راوێژکاری نێودەوڵەتی کە هەڵسەنگاندن بکات سەبارەت ئەوەی توێچووی دەرھێنانی نەوت لەو نرخەی دیاریکراوە زیاترە یان کەمترە، لەسەر ئەوە رێکەوتینو ئەوکات پەرلەمانتارانی کوردستان ئەمەمان بەسەرکەوتنێکی گەورە زانی".
وتیشی "بەڵام ئەوەی ئێستا لای ئێمە سەیرە ئەوەیە بۆچی ئەم رێکەوتنە کراو دەنگی لەسەردرا، بەڵام کۆمپانیاکان رێگر بن لەھەمواردەکرنەوەی نەوتی ھەرێم بەبۆریو حکومەتی ھەرێم لەم نێوەندەدا ھیچ ناڵێت؟! حکومەتی ھەرێم بەرژوەندی چیە لەوەی ھیچ ناڵێت؟! ئەم پرسیارە وەڵامەکەی نادیارە".
ئەمە لەکاتێکدایە لەئازاری ٢٠٢٣ەوە بەهۆی داوایەکی یاسایی عێراقەوە، دادگای نێوەدەوڵەتی لەپاریس هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی بەنایاسایی ناوبردووەو لەوکاتەوە راگیراوە. سەرەتای مانگی رابردووش دوا کۆبوونەوەی نێوان شاندی ھەرێمو بەغدا سەبارەت بەهەناردەکردنەوەی نەوت نەگەیشتنە رێککەوتن.
رێبوار ئەورەحمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەنەوەی نوێ لەمبارەوە بەئاوێنەی وت " بەپێی ئەو رێکەوتنەی نێوان ھەولێرو بەغدا کراوە دەبێت کۆمپانیاکانی دەرھێنانی نەوتی ھەرێم رۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکەن، بەڵام ھەرێمی کوردستان دەڵێت کێلگە نەوتیەکانی ئێمە ماندوونو توانای رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەیان نیەو پیویستیان بەپەرەپێدانە، لەلایەکی دیکەوە ھەرێمی کوردستان بیانویەکی دیکەی دۆزیوەتەوە کە دەلێن پێویستمان بە ٤٦ ھەزار بەرمیل نەوتە بۆ بەرھەمھێنانی ناوخۆییو پێویستمان بە ٦٩ ھەزار بەرمیل نەوتی دیکەیە بۆ دانەوەی قەرز بەکۆمپانیاکانی نەوت کە لەھەرێم کاردەکەن، داواش دەکات دەپێت حکومەتی عێراق بڕی ئەو تیچوەش بدات کە بۆخۆی داوای دەکات".
وتیشی "یەکێکی دیکە لەکێشەکانی ھەرێمو بەغدا، ئەوەیە ھەرێم لەمانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢وە ھەتا ٢٥/٣/٢٠٢٣ بڕە پارەیەکیان کەوتۆتە لای بەغدا، بەنوسراو داوا دەکەن کە گرەنتی بکرێن نەوتیان رادەستی عێراق کرد ئەو پارەیەیان بدەنەوە. هەروەها هەرێم بەوەزارەتی نەوتی ھەرێمی راگەیاندووە کە پێشتر نەوتی ھەرێم لەرێگەی چوار کۆمپانیایەوە ھەناردە کراوە، چوار ملیار دۆلاریان لێ قەرزکردوون دەبێت بەغدا ئەو چوار ملیار دۆلارە بداتەوە، بەمەرجێک نازانرێت بۆچی ھەرێم ئەم قەرزەی کردووەو لەکوێیە ئەو پارەیە، کە نەمووچە دراوە نەپرۆژەی خزمەتگوزاری پێکراوە".
شارەزایانی بواری نەوت گەشبینین نین سەبارەت بەوەی بەم نزیکانە هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆرییەوە دەستپێبکاتەوە.
د.شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی پێشووی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لەپەرلەمانی کوردستان بەئاوێنەی وت "کۆمپانیای ئەپیکۆر سوورە لەسەر ئەوەی قەرەبووی قەرزەکانی بۆ بکرێتەوە کە دوو ملیار دۆلارە، بەقەرز دراوە بەحکومەتی ھەرێمو گرنتی فرۆشتنی نەوتی بۆ بکرێت لەگەڵ ئەو بڕەی بۆ کرێی دەرھێنانی یەک بەرمیل نەوت کە ١٦ دۆلار دیاریکراوە بدرێتە کۆمپانیاکە، حکومەتی عێراقیش ئامادە نیە ئەو قەرزە بداتەوە حکومەتی ھەرێم کردوویەتی".
لەبارەی ئەوەی کەی هەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێدەکاتەوە. جەودەت وتی "ئەوە دیار نیە، کەس نازانێت کەی نەوتی ھەرێم ھەناردە دەکرێتەوە، ھیچ کاتێکیش ھێندەی ئێستا لەبەرژوەندی حکومەتی ھەرێم نەبووە کە نەوت ھەناردە نەکرێت، نەوت بەقاچاغو بەتەنکەر دەفرۆشنو لەولاشەوە پارەیان بۆ دێت لەبەغداوە، ھەرێم ئەوەی دەوێت ئەمە درێژە بکێشێتو لەبەرژوەندیەتی".
وتیشی "گرێکانی بەردەم ھەناردەنەکردنەوەی نەوتی ھەرێم تەکنیکینو ئەوەندەیان ناوێت ئەگەر ئیرادە ھەبێت لەلایەن حکومەتی ھەرێمو بەغدا، چونگە گرێ کوێرەیەک نابینرێت لەھەناردەکرنەوەی نەوتدا، تەنیا رێککەوتنی سیاسی ماوە تا نەوت ھەناردە بکرێتەوە".
هەروەها د.بەھجەت ئەحمەد پسۆری نەوتو غاز بەئاوێنەی وت "لەئێستادا ھیچ هیوایەک بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لەرێگەی بۆریەوە نابینرێت، نازانرێت ئەمساڵ یان ساڵی ئایندە نەوت ھەناردە دەکرێت بەرێگەی بۆری یان نا، بەڵام دازانرێت کە گرفتی زۆری بۆ دروست بووە، ھەرێمو کۆمپانیا نەوتیەکان لەلایەکو بەغدا لەلایەکی دیکە دوو روانینی جیاوازی زۆر دوور لەیەکیان هەیە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات