وەزیری ناوخۆی ئوردن رایگەیاند، وڵاتەكەی بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی سەرجەم چالاكییەكانی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین و دەستیش بەسەر هەمو موڵك و ماڵی گواستراوەو نەگواستراوەی ئەو كۆمەڵەیەدا دەگیرێت و هەمو ئۆفێسەكانی لەسەرتاسەری وڵات دادەخرێن.
ئاوێنە: مازن فەڕایە، وەزیری ناوخۆی ئوردن، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەلمێندراوە ئەندامانی سەربە كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینی هەڵوەشاوە، لەتاریكیدا هەندێك كاریان كردوە كە سەقامگیریی تێكدەدات و زیان بە ئاسایش و یەكێتیی نیشتمانی دەگەیەنێت و سیستەمی ئاسایش و نەزمی گشتیی تێكدەدات، بۆیە بەردەوامی كاركردنی ئەم كۆمەڵە هەڕەشەیە بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشدا، لەمەودوا لەو وڵاتە بانگەشەكردن بۆ فیكری ئیخوان دەكەوێتە ژێر باری لێپرسینەوەی یاسایی و، قەدەغەیە كەس ببێت بە ئەندام لەم كۆمەڵە یاخود بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان مامەڵەی لەگەڵدا بكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەفتەی رابردو، دەزگای هەواڵگریی ئوردن ئاشكرایكرد، پیلانێكی هەڵوەشاندوەتەوە بۆ دروستكردنی پشێوی لە ئوردن و 16 كەس دەستگیركراون كە لەم پیلانگێڕییەدا تێوەگلاون. بەقسەی هەواڵگریی ئوردن لە ساڵی 2021ەوە چاودێری ئەم گروپە كراوە و دەستگیركراوەكان تۆمەتباركرابوون بەوەی كاریان كردووە بۆ دروستكردنی موشەك و كۆكردنەوەی چەك و تەقەمەنی و دروستكردنی درۆن، ئەمە لەپاڵ ئەنجامدانی راهێنان بە ژمارەیەك كەس لەناوخۆو دەرەوەی ئوردن.
لەگەڵ ئاشكراكردنی دەستگیركردنی ئەم گروپەدا، میدیاكانی ئوردن پەنجەی تۆمەتیان بۆ كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین راكێشا، بەڵام كۆمەڵەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەوەی هەیە كردەوەی تاكەكەسی چەند كەسێكەو ئیخوان ئاگاداری نییە