ئێران ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی دو کەشتی سوتەمەنی ڕاگه‌یاند
  2025-04-22       291       

به‌رپرسێكی سوپای پاسداران، دەستبەسەرداگرتنی دو کەشتی ڕاگه‌یاند، کە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار لیتر سوتەمەنی قاچاغیان لە ئاوەکانی دەریای بوشێهردا هەڵگرتبو.

ئاوێنە: بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی میهر، مەسعود فروتن، جێگری فەرماندەی ناوچەی دوی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئەو دو کەشتییە کە ئاڵای تانزانیایان لەسەر بو، هەوڵی چونەدەرەوەیان لە ئاوەکانی ئێرانداوه‌، بەڵام پێش ئەوەی بتوانن بچنه‌ خاكی ئێرانه‌وه‌، لەلایەن کارمەندانی ناوچەی دوی دەریایی سوپای پاسداران دەستبەسەر کراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دو کەشتییە بیانییە کە بریتین لە "سی ڕێنجەر" و "سەلامە"، 25 کارمەندی بیانییان لەناو کەشتییەکەدا هەبوە و ملیۆنێک و 500 هەزار لیتر سوتەمەنییان باركردوه‌، بەهای سوتەمەنی قاچاغیش لە 700 ملیار ڕیاڵ تێپەڕیوە.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی سوپای پاسداران باسی له‌وه‌كردوه‌، ئەو دو کەشتییە گواستراونەتەوە بۆ بەندەری بوشێهر بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی، دوای تەواوبونی ڕێکارە یاساییەکان، سوتەمەنیەکە دەگەیەنرێتە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ ئەوەی بخرێتە ناو خولی دابەشکردنی فەرمییەوە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە پاسەوانانی دەریایی سوپای پاسداران دەستیان بەسەر چوار ملیۆن و 500 هەزار لیتر سوتەمەنی قاغاخدا گرتوە.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×