مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، 26 ی ئەم مانگە “کۆنفرانسی یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوا” دەبەستن.
ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، رایگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنین کە لە رێکەوتنی 26 ی نیسان کۆنفرانسی “یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد لە رۆژئاوا” دەبەسترێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنفرانسەکە پێویستییەکی نەتەوەییە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە سوریا، هیوادارین سەرجەم لایەنەکان بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان هەڵبستن.
پێشتر مەزڵوم عەبدی ئاشکرایکردبوو، کۆنفرانسەکە بۆ داڕشتنی هەڵوێستێکی سیاسیی هاوبەشە لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان و پێکهێنانی وەفدێکی هاوبەشە کە نوێنەرایەتیی سنوورەکەیان لە دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بکات.
بڕیارە لە کۆنفرانسەکەدا 300 کەس بەشداربن، کە زۆرینەیان نوێنەرایەتیی پارت و لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەن.