وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان لەبارەی تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینانی هەرێم بۆ مانگی چوار زانیاری نەبیستراو بۆ ئاوێنە دەخاتە روو، بەوتەی ئەو وتەبێژە بێت بۆ ئەم مانگە ١٦٠٠ کەسی دیکە مامەڵەی خانەنشینیان تەواو بووە و مووچەی چوار مانگ وەردەگرن.
ئاوێنە: سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتتدا لەو بارەیەوە بە ئاوێنەی وت "ئەوانەی تازە خانەنشنین بوون بۆ مامەڵە پێویست ناکات بچێتەوە بۆ عێراق و نەشچووە، چونکە هەرێم لەم کۆتاییەدا لەبەر قەرەباڵغی دەسەڵاتییان داوە بە شارەکان لای خۆیانەوە مامەڵەکان تەواو بکەن، بەڵام پێش ئەوەی ئەم دەسەڵاتە شۆڕبکەنەوە هەموو مامەڵەکان دەبوو بۆ پێداچونەوەی دۆسییەکان "تەتقیق" و ناسنامەی خانەنشینی بچێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەولێر".
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی مامەڵەکان، ناوبراو ئاشکرایکرد "چەند هۆکارێک هەیە، یەکەم بە کتوپڕ ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەر خانەنشینکران واتە بەیەک وەجبە، دووەم هەرێم تیمی پێویستی نییە و خەڵکی شارەزا و پڕۆفیشناڵیان نییە و کارەکان کەڵەکە بوون بەسەریاندا و نەیانتوانی دەستوبرد بکەن تیاییدا".
سادق عوسمان زیاتری رونکردەوە و، وتی "لەسلێمانی نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ کەس دەتوانن پێداچونەوە بە دۆسییەکان بکەن واتە "تەتقیق". بەم پێیە بێت لە سلێمانی نزیکەی ١٦ هەزار کەس لەم لەدایکبونە نوێیەدا خانەنشین دەبن، بۆیە دەپرسین ئەم ژمارەیە بە ١٠ کەس دەتوانن بە ماوەی مانگێک بۆ دوو مانگ تەواوی بکەن؟ زەحمەتە بەرای من، چونکە ٣٠ هەزار کەس خانەنشین بوون".
لەبارەی ئەوەی تا کۆتاییی ئەمساڵ ئەگەر هەیە ئەم ٣٠ هەزار خانەنشینە مامەڵەیان تەواو نەکرێت؟ وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان رایگەیاند "ئەگەر وەکو مانگی سێ مامەڵەکان بڕوات ئەو قسەیە راستە، بەڵام ئومێدمان هەیە وانابێت، چونکە فشار زۆر کراوە".
بەوتەی سادق عوسمان "بۆ مانگی چوار نزیکەی هەزار و ٦٠٠ کەس مامەڵەی خانەنشینیان بۆ کراوە و، بەمەش لەمانگی یەکەوە بۆ مانگی چوار مووچەکانیان وەردەگرن".
وتیشی "نازانم ئایا لەمانگی پێنج هەموو خانەنشینەکان مامەڵەیان تەواو دەکرێت یان نا؟ چونکە بەیەکجار ٣٠ هەزار کەس خانەنشینکراوە، ئەوانەشی مامەڵەیان تەواو نەبووە بەم مانگی چوارەوە؛ پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و هەمویان هەواریان لێهەستاوە. نازانم ئەوانەی خۆمان بێ خەمن یان نەزانن یاخود دەسەڵاتییان نییە".
"کاتێک لە کوردستان فەرمانبەرەکان دەبن بە خانەنشین عێراق ناویان دەکاتە لیستەوە لەبەغداوە مووچەکانیان بۆ دێت". وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان وای وت.