كۆمپانیای دی ئێن ئۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێم راگەیاند
  2025-04-23       145       

كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویجی رایگەیاند، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كومپانیاكە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردو، 9.2% زیادیكردوە.

ئاوێنە: كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویجی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکەیان لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 82 هەزار و 81 بەرمیل نەوت بوە، لەكاتێكدا ئاستی بەرهەمهێنان لە هەمان ماوەی ساڵی رابردودا 76 هەزار و 310 بەرمیل نەوتی رۆژانە بوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەو قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردو، 9.2% زیادیكردوە.

 ئەوەش خستۆتەڕو، پشکی کۆمپانیاكەیان لە بەرهەمهێنانی ئەو بڕە نەوتە رۆژانە 18 هەزار و 464 بەرمیل بوە؛ لە کاتێکدا هەمان ماوەی پار 20 هەزار و 503 بەرمیل نەوت بو.

 کۆمپانیای دی ئێن ئۆ رایگەیاندوە، پشکی خۆیان لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە بازاڕی ناوخۆدا دەفرۆشن بەهۆی ئەوەی هێشتا بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان جەیهان داخراوە.

کۆمپانیای DNO لە کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخابور کۆمپانیای سەرکارە و لە چەندین کیڵگەی دیکە لە هەرێمی کوردستان خاوەن پشکە.

 

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×