دەسکەوتنی هەلی کار بۆ ژنان‌و کچانی قەزاو ناحیەکانی دھۆک بووە بەخەون
  2025-04-23       170       
بەرێوەبەری فەرمانگەی کار لەدھۆک: ھیچ داتایەکمان نیە لەسەر رێژەی بێکاریی

ئا: عەمار عەزیز

 

گەورەترین کێشەی ژنان‌و کچانی قەزاو ناحیەکانی پارێزگای دهۆک دەستنەکەوتنی ھەلی کارە، بەتایبەت دەرچووانی کولیژو پەیمانگاکان، لەئێستادا دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە یان دەبێت لەماڵەوە بێکار دانیشن، یان دەبێت بچن بۆ ناوەندی دھۆک‌و بەدوای کاردا بگەڕێن، کچێک لەزاخۆ دەڵێت "دەستکەوتنی هەلی کار بۆ ئێمە وەکو خەونی لێھاتووە".

 

ئاواز حەمید، دانیشتووی سەنتەری قەزای زاخۆیە، دەرچووی بەشی ژمێریاری پەیمانگایە، تا ئێستا ھیچ کارێکی دەستنەکەوتووە سەڕەرای ئەوەی دەیانجار ھەوڵیداوە بەڵام بێ ئەنجام بووە، ئەو بەئاوێنەی وت "دەستکەوتنی کارێک بۆ ئێمە وەکو خەونی لێھاتووە، دەیانجار سەردانی دامودەزگا حکومیەکانم کردوە، لەگەڵ چەند لایەنی تر ھەوڵمداوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ کارێک دەستمنەکەتووە!".

ئاواز تەمەنی گەیشتووەتە ٣٩ ساڵ، بەڵَام ھەرکۆڵ نادات‌و بەدوای کاردا دەگەڕێت، ئامادەیە نەک لەشارەکەی خۆی، بەڵکو بچێتە شارێکی تر تەنیا کارێکی دەست بکەوێت، ئەو وتی "ئەگەر بڕوانامەمان نەبا، تا ڕادەیەک دەمانووت کێشە نیە ئیشمان دەست نەکەوێت چونکە بڕوانامەمان نیە، بەڵام ئێستا ھیچ بیانویەک نیە".

وتیشی "ژنان‌و کچانیش وەکو پیاو پێویستیان بەپارەیە تا بتوانن پێداویستیەکانی ژیانیان دابین بکەن، داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ھەڵی کارمان بۆ بڕەخسێنن تا ئێمەش ببین بەخاوەن کار".

 

جیھان محەمەد، دانیشتوی ناحیەی دینارتەی سەر بەقەزای ئاکرێیە، دوو ساڵە بڕوانامەی بەکالۆریوسی لەپسپۆری ئینگلێزی بەدەستھێناوە، بەڵام لەھیچ شوێنێک کارناکات، ئەو بەئاوێنەی وت "١٦ ساڵ کە تەمەنێکە سەرقاڵ بووین بەخوێندنەوە تا بڕوانامەمان بەدەستهێنا، کەچی بەری رەنج‌و ماندووبوونمان نەدورییەوە، تا ئێستا نەلەکەرتی تایبەت‌و حکومی ھیچ ئیشێکم دەست نەکەتووە، کەمێک ھیوامان بەکەرتی تایبەت ھەبوو کار بکەین، بەڵام ئەویش ھەموی خزم خزمانێیە".

جیھان باس لەوە دەکات لەناحیەی دینارتەو سەنتەری قەزای ئاکرێ‌و زۆرشوێنی تر پرسیاری کردوە تا کارێکی دەست بکەوێت، بەڵام بێسوود بووە، ئەو وتی "تا ئێستا لەماڵ دانیشتووم‌و بەناچاری بووم بەکابانی ماڵ، وا بڕوات ھەر لەماڵ دەمێنینەوە، ئەمەش زۆر کاریگەری خراپ کردوەتەوە سەر ئەو خوێندنکارانەی کە ئێستا لەقوناغەکانی خوێندنن، چونکە دەبینن خوشک‌و براکانیان چەند ساڵێک خوێندنیان تەواوکردووەو لەماڵ دانیشتوون، لەبەرئەوە پێویستە حکومەت چارەسەرێکی گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە".

 

لەساڵی ٢٠٢٤دا بەرێوەبەرایەتی کار لەپارێزگای دهۆک توانیویانە ھەلی کار بۆ زیاتر لە ٥٠٠ کەس بڕەخسێنن لەھەردوو رەگەز، بەڵام زۆرینەیان بۆ دانیشتوانی سەنتەری دھۆک بووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئامارێکی فەرمی بەردەست نییە سەبارەت بەڕێژەی بێکاری لەنێو کچان‌و ژنانی پارێزگاکەدا.

 

عەبدولکەریم حەماد، بەرێوەبەری فەرمانگەی کار لەدھۆک بەئاوێنەی وت "لەسەرانسەری کوردستان بەرێوەبرایەتی کار تەنھا لەسەنتەری پارێزگاکاندا ھەیە، لەقەزاو ناحیەکان ھیچ لق‌و نوسینگەمان نیە، سەڕەرای ئەمەش لیژنەکانمان لەقەزاو ناحیەکان دەگەڕێن بۆ دەستکەوتنی ھەلی کار بۆ گەنجان، بەڵام دەرچوونی لیژنەکان‌و گەڕان بەدوای ھەلی کار بەپێی تواناو دابینکردنی پارەیە بۆ دەرچوونی ئەو لیژنانە".

لەبارەی ھەوڵی ئەوان بۆ دابینکردنی ھەلی کار بۆ کچان‌و ژنانی قەزاوناحیەکان، ئەو وتی "تۆمارکردنی ئەو کەسانەی بێکارن لەسەنتەری شارو قەزاو ناحیەکان بەردەوامە لای ئێمە، لەگەڵ رێکخراوەکان‌و لایەنی پەیوەندیدار لەسەر خەتین بۆ دابینکردنی ھەلی کار، بۆ ئەوانەی قەزاو ناحیەکانن دوو جار کێشەیە چونکە شوێنی ئیشکردن زیاتر لەسەنتەری دھۆکە ئێمەش ناتوانین بەخاوەن کارەکە بڵێین شوێنی ئیشکردن بگوڕە، ھەروەھا ئەوانەی لەقەزاو ناحیەکانن کە دێنە دھۆک پێویستیان بەمانەوەیە".

وتیشی "ھیچ داتایەکمان نیە لەسەر رێژەی بێکاریی، بەڵام چوونی رێکخراوەکانی بیانی بۆ خوارووی عیراق کاریگەری زۆر کردوەتە سەر زیادبوونی رێژەی بێکاریی، پڕۆژەو کارەکانی خۆیان زۆرینەیان گواستووەتەوە بۆ نەینەواو بەغداو شارەکانی تر، ئەوەی ھەیە زیاتر رێکخراوەکانی ناوخۆو کەرتی بازرگانییە".

 

پسپۆرێکی ئابوری ئاماژە بەچارەسەرکرنی کێشەکە دەدات‌و پێیوایە لەبری دروستکردنی پرۆژەی گەورەی نیشتەجێ بوون لەسەنتەری شارە گەورەکان، دەبێت پرۆژەکانی وەربەرھێنان لەبواری چاندن‌و پێشەسازی جوراو جۆر لەسەنتەری قەزا و ناحیەکان دروست بکرێن تا ھەڵی کار بۆ خەڵک دابین بکرێت.

دکتۆر کاوە عەبدولعەزیز، ئابوریناس‌و سەرۆکی کۆمەڵەی بەکاربەران لەشاری دھۆک بەئاوێنەی وت "پڕۆژەکانی وەبەرھێنان‌و کارگەو جوڵەی بازرگانی زیاتر لەسەنتەری شارە گەورەکان‌و ناوەندی پارێزگانەو بەھیچ شێوەیەک بەراورد بەقەزاو ناحیە ناکرێت، ئەمەش وایکردوە کە ھەلی کار لەقەزاو ناحیەکان بەراورد بەشارە گەورەکان زۆر کەمتر بێت، ئەوەشی ھەیە زیاتر ھەر پیاوان دەکەن، ھەروەھا دابونەریت بەھەمانشێوە کاریگەری ھەیە، بەدەگمەن ژنان‌و کچان لەقەزاو ناحیەکان ئیش دەکەن، بەڵام لەسەنتەری شار رێژەکە زۆر زیاترە ".

وتیشی "بازرگانەکان زیاتر پڕۆژەکانی وەبەرھێنان‌و دروستکردنی شوقە لەناو سەنتەری شارە گەورەکان دەکەن، ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر ئەگەر پڕۆژەکانیان لەبواری چاندن‌و پیشەسازی جۆراوجۆر لەقەزاو ناحیەکان بکەن، ھەلی کار زیاتر دەست خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەوێت".

لەبارەی چارەسەری ئەم بابەتە، دکتۆر کاوە وتی "باشترین رێگە ئەوەیە لەجیاتی ئەوەی بازرگانەکان ھەرخەریکی دروستکردنی شوقەو پرۆژەی گەورە بن لەسەنتەری شارەکان، بەشێکی پرۆژەکانیان بگوازنەوە بۆ قەزاو ناحیەکان‌و وەبەرهێنان لەبواری چاندن‌و بەخێوکردنی پەلەوەرو پیشەسازی بچووک بکەن، لەھەمانکاتدا حکومەتیش زەوی بەبازرگانەکان بدات‌و نرخی کارەباو باجیان بۆ کەمبکاتەوە، بەمشێوەیە ھەلی کار بۆ سەدان کەس دابین دەکرێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×