عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەرپرسانی هەرێم پەشیمان بونەتەوە لە دابەزاندنی نرخی كارەبای 24 سەعاتی و دەیانەوێت ئەم نرخە بەرزەی ئێستا دیاریكراوە، جێگیربكەن.
ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەرپرسانی هەرێم "پەشیمانبونەتەوە لە دابەزاندنی نرخی کارەباو دەیانەوێت ئەم نرخە بەرزەی ئێستا بەنایاسایی دیارکراوە جێگیربکەن."
بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، بڕیاربو لە سەرەتای مانگی نیسان نرخی کارەبای 24 سەعاتی دابەزێنن، نەیان کرد.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئێستا نرخێکی گران جێگیرە كە بەمشێوەیەیە:
-لە (١٠٠ هەتا ٦٠٠ کیلۆوات هەر کیلواتێک بە ١٠٠ دینار) واتە کۆی گشتی( ٦٠ هەزار دیناری مانگانە)، کە نزیکەی ٣.٧ ئەمپێری بەردەوام دەبێت.
-لە (٦٠٠ کیلۆوات هەتا٧٥٠ کیلۆوات) هەر کیلۆیەک دەبێتە ١٣٣ دینار واتە کۆی گشتی (٨٠ هەزار دیناری مانگانە) کە نزیکەی ٤.٧ ئەمپێری بەردەوام دەکات.
-لە (٧٥٠ كیلۆوات هەتا ٩٠٠ کیلۆوات) هەر کیلۆیەک دەبێتە ١٦٦ دینار، واتە: کۆی گشتی دەبێتە (١٠٥ هەزار دیناری مانگانە) کە نزیکە ٥.٦ ئەمپێری بەردەوام دەکات!
-ئەگەر لە ٩٠٠ کیلۆ وات زیاتر بەکاربێت.. هەر کیلۆیەک لە ١٦٦ دینارەوە دەستپێدەکات و ٢٠٠ تێدەپەڕێنێت. واتە: ١٠ ئەمپێری بەردەوام، نرخەکەی زیاترە لە ٢٠٠ هەزار دینار.