وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا رێككاری توند بەرانبەر ئەو نەخۆشخانەیە بگیرێتەبەر كە دوێنی بەهۆی نەشتەرگەرییەكی جوانكاریی، كەسێك گیانی لە دەست دا.
ئاوێنە: لە بەرانبەر نەبوونی پسپۆڕی بواری كاری نەشتەرگەریی جوانكاری و نەبوونی ڕێگەپێدانی كاركردنی لە نەخۆشخانەكە، وەزارەتی تەندروستی ڕێككاری توندی یاسایی گرتەبەر، دوای گیان لەدەستدانی هاووڵاتیی شۆخان عەبدوڵا لە سلێمانی لە نەخۆشخانەی "سەفین"ی تایبەت كە نەشتەرگەریی جوانكاریی بۆ ئەنجام درابوو.
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا، بە پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە كێشەی گیان لەدەستدانی ژنەكە، ئەویش بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2020 "یاسای ماف و ئەركی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان"، پێڕەوی (پێكهاتە و ئەركەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی) ژمارە 16ی ساڵی 2022، بە ئامادەبوونی دادوەری داواكاری گشتی و نوێنەری سەندیكای پزیشكانی كوردستان.
هەروەها بڕیار درا بە ڕاگرتنی پزیشك د. ئارام عەبدوڵا محەمەد بەناونیشانی پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لەكاركردنی، تا كۆتایی هاتنی لیژنەی لێكۆڵینەوە، لەبەرئەوەی ئەو سەرپێچیی ڕێنوێنی كردووە كە كاری پسپۆڕی ئەم پزیشكە نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە، بەڵكو ئەم نەشتەرگەرییە كاری پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانكارییە نەك نەشتەرگەریی گشتی.
یەكێكی تر لە سزاكان، بریتییە لە پێبژاردنی نەخۆشخانەی (سەفین)ی تایبەت بەهۆی سەرپێچیكردنی یاسا و رێنوێنییەكان، تایبەت بە نەبوونی رێگەپێدانی كاركردنی پزیشكی ناوبراو لە لیستی میلاكی ئەم نەخۆشخانەیە، هەروەها داخستنی هۆڵەكانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەكە لە پێناو سەلامەتیی نەخۆش و چارەسەرییەكان.